دەستەی گەشتوگوزار لەبارەی پشووەکانی ئادار و نەورۆز چەند بڕیارێک دەدات

15-03-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەکاریی بۆ پشووەکانی ئادار و نەورۆز کردووە و هەشت بڕیاری دەستەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەشڵێت، لە رۆژانی پشووەکانی ئادار و نەورۆزدا لیژنەی تایبەت سەردانی بازگەکان دەکات و سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان کراوەدەبن. بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێریش دەڵێت: "ئەمساڵ بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان لە نەورۆز ژمارەی هاتنی گەشتیار بەراورد بە ساڵی پار دەگۆڕدرێت."
 
رۆژی چوارشەممە، 15-03-2023، نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هاتنی گەشتیاران بەهۆی پشووەکانی ئادار و نەورۆز بەردەوامە و بەشێکیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و بەشێک بە گرووپ دێن، بەڵام تائێستا ژمارەیەکی دیاریکراو نییە لەبەر ئەوەی زۆرجار رۆژێک یاخود دوو رۆژ پێش نەورۆز ئامار دەردەکەوێت، چونکە ئەو کات ژمارەیەکی زۆر گەشتیار دێن. 
 
ساڵی رابردوو لە 15 بۆ 25ـی ئادار 100 هەزار و 686 گەشتیار سەردانی هەولێریان کرد. نەریمان فازڵ دەڵێت: "بەهۆی نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان لە نەورۆز رەنگە ئەمساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران کەمتر بێت."
 
هەر ئەمڕۆ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بەمەبەستی بەڕێوەبردنی گەشتیاری ناوخۆیی و پێشوازیكردن لەو گەشتیارانەی كە بۆ پشووەکانی ئادار و نەورۆز روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی گەشتوگوزار لە پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆكان و بنكەكانی گەشتیاری، پلانی ئامادە کردووە و چەندین لیژنەش پێکهێنراون. 
 
ئەو بڕیارانەی کە دەستەی گەشتوگوزار بۆ پشووەکانی ئادار و نەورۆز دەریکردووە ئەمانەن:
 
- لیژنەی تایبەت بە بازگەكان، سەردانی بازگەكان دەكات؛ تیمی گەشتوگوزار بە پێدانی شیرینی و دابەشكردنی بڵاوكراوەی گەشتیاری بەسەر گەشتیاران وەک، رێبەری گەشتیاری، نەخشەی گەشتیاری، بروشور، پێشوازی لە گەشتیاران دەکات. هەروەها رێنماییی پێویست بە گەشتیاران دەدەن و ژمارەیەكی تایبەتی پەیوەندی دابین كراوە، بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لە كاتی بوونی هەر كێشە و گرفتێك پەیوەندی بکەن.
 
- سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان، بەتایبەت چێشتخانەکان، ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت لە رۆژانی پشوو کراوە بن.
 
- لیژنەی تایبەت بە سەردانی بنكە گەشتیارییەكان هەیە، بۆ ئەوەی چاودێریی كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان بكەن و لەڕووی نرخیشەوە رێگە لە کەڵکاوەژوو (استغلال)ـی گەشتیاران بگرن.
 
- هاوئاهەنگیی تەواو و پێویست لەگەڵ دەزگاكانی ئاسایشی بازگەكان و پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ دەکرێت؛ هاتووچۆ، تەندروستی، بەرگریی شارستانی، بە مەبەستی دابینكردنی ئاسایش بۆ گەشتیاران لە كاتی مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان و ئاسانكاری لە كاتی هاتنە ناوەوەیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان.
 
- بۆ پاکوخاوێنیی ژینگە، تیمەکانی گەشتوگوزار لەسەر رێگە گشتییەکان، کیسەخۆڵ بەسەر سەیرانکەران و گەشتیاراندا دابەش دەکەن. 
 
- لەگەڵ رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی، کەمپەینی پاککردنەوەی ناوچە گەشتیارییەکان بەڕێوەدەبرێت.
 
- رێنمایینامە (بروشور) و هۆشیاریی تایبەت بە ژینگەپارێزی بڵاودەکرێتەوە و دەگەیێندرێتە گەشتیاران.
 
- چەندین فێستیڤاڵ و چالاکی بە هەماهەنگیی ئیدارەی خۆجێیی شارەکان و کەرتی تایبەت بەڕێوەدەچن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە