پارێزەری حوکمدراوانی بادینان: گوهدار محەممەدئەمین بە حەوت مانگی دیکە زیندانیکردن سزادرا


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرێکی حوکمدراوانی بادینان رایدەگەیێنێت، "گوهدار محەممەد ئەمین کە یەکێکە لە حوکمدراوانی بادینان و بڕیار بوو سبەی ئازادبکرێت، بەپێی مادەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی بە زیندانیکردن بۆ ماوەی حەوت مانگی دیکە سزادراوە."
 
رۆژی چوارشەممە 15-03-2023، بەشدار حەسەن، پارێزەری حوکمدراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گوهدار ئۆتۆمبێلێکی جۆری دایۆ مۆدیل 1993ـی هەبووە کە پێش کڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکە بۆ تۆیۆتا گۆڕدراوە و ئەوەش تاوانی گوهدار نەبووە، بەو بیانووە حەوت مانگی دیکە حوکمدراوە."
 
لە رووی یاساییەوە، بە گوتەی ئەو پارێزەرە، ئەو لۆگۆیە "هیچ زیانێکی بۆ کەس نەبووە" و دەڵێت، "ئەگەریش سزای بدەن دەبوو بە پێبژاردن سزای بدەن کە لە 50 بۆ 150 هەزار دینار دەستپێدەکات."
 
بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە وەک تیمی پارێزەرانی بادینان ئاگاداری دانیشتنی دادگەی هەولێر نەبووین، بۆیە سبەی بڕیاری حوکمدانی گوهدار تەمیز دەکەینەوە، بەو ئومێدەی ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە."
 
بڕیار بوو سبەی گوهدار محەممەدئەمین، لەگەڵ هەریەک لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازادبکرێن، بەشدار حەسەن دەڵێت، "هەریەک لە ئەیاز ئەکرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید هیچ کێشەیەکیان نییە ئەگەر هیچ شتێک نەیەتە پێشەوە ئەوە سبەی دەبێت ئازادبکرێن."
 
دادگەی تاوانی هەولێر، رۆژی 16-2-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەکە لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا. مانگی شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان جگە لە شێروان شێروانی کە 50% بوو، کەمکرایەوە.
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2020، شێروان شێروانی دەستگیرکرا، ئەوکات دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراوە و تۆمەتبارە بە "گوتنى قسەى نەشیاو، تۆمەت دروستکردن و تێکدانى ئاشتیی کۆمەڵایەتى."