محەممەد شیاع سوودانى لە دەفتەرى یادەوەریدا چی بۆ مام جەلال نووسی؟


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانى عێراق لە دەفتەرى یادەوەرى مەزارى مام جەلال، سکرتێرى پێشووى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق چەند پەیڤێکى نووسی و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە کە مام جەلال رۆڵى هەبووە لەو گۆڕانکاریەى کە 20 ساڵ لەمەوبەر لەعێراق روویدا و بە کارەکتەرى سەرەکى زانیوە لە خەبات و تێکۆشان دژى دەسەڵاتی سەدام و نووسینەوەى دەستوور و بونیاتنانەوەى عێراق. 
 
رۆژی چوارشەممە 15ی ئاداری 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە یاوەری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان سەردانى مەزارى مام جەلالی لە شارى سلێمانى کرد. 
 
سوودانى لە دەفتەرى یادەوەریى مەزارى مام جەلالدا نووسی: "ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕینى 20 ساڵ بەسەر گۆڕانکارى کە تییدا سەرۆکى کۆچکردوو مام جەلال، یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان بوو لە قۆناخى خەبات و تێکۆشان دژى دیکتاتۆرى و رۆڵى گەورەى هەبوو لە نووسینەوەى دەستوور و بونیاتنانى دەوڵەت لە دواى ساڵى 2003." 
 
سوودانى بەمەبەستى بەشداریکردن لە حەوتەمین دیداری سلێمانی کە لە زانکۆى ئەمەریکى بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ چوارشەممە چووە ئەو شارە. 
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینەکەیدا ئاماژەى بەوەداوە: مام جەلال کاریگەرییەکى باشی جێهشتووە بەو نیشتیمانپەروەرى و تێڕوانینە جێگیر و ژیرییەی کە پێى ناسرابوو و ئەوەش وادەکات هەموو لایەک و لە پێشیانەوە یەکێتیی نیشتیمانیى کوردستان ئەو مێژووەى بقۆزنەوە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیرى کوردستان کە ئەوەش واتاى ئاسایش و سەقامگیرییە بۆ عێراق. 

 

 
مام جەلال، سکرتێرى پێشووى یەکێتى و سەرۆککۆمارى پێشووترى عێراق لە 3ى تشرینى یەکەمى  2017 لە تەمەنی 84 ساڵی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد، 6ى تشرینى یەکەمى هەمان ساڵ لە ناوچەی دەباشان لە نزیک ماڵی خۆی لە شاری سلێمانی بەخاكسپێردرا.