دژەتیرۆری عێراق و ئاسایشی سلێمانی دوو خۆکوژی داعش دەستگیر دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، هەوڵێکی خۆکوژییان پووچەڵکردووەتەوە کە داعش لەڕێگەی دوو خۆکوژی بیانییەوە ویستوویەتی لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵ جێبەجێی بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئاداری 2022، دەزگای دژە تیرۆری عێراق رایگەیاند، "لە بۆسەیەکی جۆریی دەزگای دژە تیرۆری عێراقدا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی کوردستان-بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، هەوڵێکی چەکدارانی داعشمان پووچەڵکردەوە کە لە ئامادەکاریدابوون بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا کردەی خۆکوژی بکەن."
لە راگەیێندراوەکەی دەزگای دژە تیرۆری عێراقدا هاتووە، "لەو بۆسەیەدا دوو خۆکوژی بیانییمان دەستگیرکردووە، جگە لە کەسێکی دیکە کە کاری گواستنەوەی ئەو بیانییانە بووە، ئەوەش دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد لە سنوورەوە تاوەکو شوێنی رادەستکردن لە کەرکووک".
لەو بارەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "رۆژی دووشەممە 14-03-2022 لە چالاکییەکی هاوبەشی هێزەکانمان لەگەڵ هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی وورد سەبارەت بە گروپێکی تیرۆریستی سەر بە رێکخراوی داعش کە پێکهاتبوون لە دوو کەسی خۆکوژی بیانی و کەسێکی دیکە کە هاوکاریان بووە و هاووڵاتییەکی عێراقییە، لە بۆسەیەکی هێزە هاوبەشەکەدا توانرا دەستگیربکرێن و سەرجەم پلانە تیرۆریستییەکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، پرۆسەکە لە سنووری پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوە.