لە سۆران باندێکی ساخکردنەوەی پارەی ساختە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران دەستگیرکردنی باندێکی لە سۆران راگەیاند، کە کاریان ساخکردنەوەی دراوی ساختە بووە لە هەرێمی کوردستان و پارەکەشیان لە رێگەی ئافرەتێکەوە لە دەرەوە بۆ هاتووە.
موقەدەم شەماڵ دێواری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بەشی نەهێشتنی تاوان لە پۆلیسی سۆران باندێکی ساختەکردنی دراوی دەستگیرکرد، کە لە 4 کەس پێکهاتوون".
بە گوتەی شەماڵ دێواری رۆژی 10-3-2021 لەلایەن هاووڵاتییەکی شاری سۆرانەوە هەواڵیان پێدراوە، کە لە کاتی کڕینی شتومەکدا کەسێک پارەی ساختەی پێداوە، بۆیە دەستبەجێ بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران بە مەبەستی بەدواداچوون لەسەر ئەو کەیسە تیمێکی لە بەشی نەهێشتنی تاوانی پۆلیسی سۆران پێکهێنا بۆ ئاشکراکردنی ئەو تۆمەتبارانە. دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر تیمەکەی نەهێشتنی تاوانی پۆلیسی سۆران توانیان تۆمەتباری سەرەکی دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن، کە دانیشتووی شاری هەولێرە. هەر لە رێگەی ئەو تۆمەتبارەوە سێ کەسەکەی دیکەش دەستگیرکران".
شەماڵ دێواری ئاماژەی بەوەشدا دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانە دەرکەوت ئەو پارە ساختەیە لە رێگەی ئافرەتێکەوە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان نێردراوە، دوای هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆر توانرا ئەو ئافرەتە بە هەرشێوەیەک بێت بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەستگیر بکرێت".
سەبارەت بە بڕی ئەو پارە ساختەیەی کە دەستیان بەسەردا گرتووە لەگەڵ ئەو بڕەی ئەو باندە ساخیانکردووەتەوە، شەماڵ دێواری گوتی: "ئەو پارەیەی ئافرەتەکە رەوانەی ناو هەرێمی کوردستانی کردبوو، نزیکەی 20 هەزار دۆلار بووە، بەڵام تەنیا بڕە پارەیەکی کەم لە سنووری سۆران ساخکراوەتەوە، ئەوەی دیکەیان لە شوێنەکانی دیکە ساخکردووەتەوە، باندەکە 5650 دۆلار و هەزار یۆرۆ لەلا مابوو، ئەویش دەستی بەسەرداگیرا".