بچووکترین کچی پێشەوا قازی محەممەد کۆچی دوایی کرد

 
رووداو - هەولێر

مریەم قازی، حەوتەمین و بچووکترین کچی پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان لە ئوردن کۆچی دوایی کرد.
 
کەسێکی نزیکی خانەوادەی مریەم قازی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بۆ رووداوی پشتڕاستکردەوە و راگەیاند "ئەمڕۆ مریەم قازی بەهۆی نەخۆشی لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن کۆچی دوایی کرد".
 
ئەو کەسە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناتوانن تەرمەکەی بگەڕێننەوە و پرسەی بۆ دابنێن، رەنگە بەشێوەیەکی کاتی لە ئوردن بەخاک بسپێردرێت.
 
مریەم قازی شەش مانگ پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە ساڵی 1945 لە شاری مهاباد لەدایکبووە و دوایین منداڵی پێشەوا قازی محەممەد و مینا قازییە. 
 
لەبارەی مریەم قازی:
- ساڵی 1945 لە دایکبووە.
- شەش مانگ پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەدایکبووە.
- دوایین منداڵی پێشەوا قازی محەممەدە.
- لە شاری مهاباد گەورەبووە و خوێندوویەتی.
- قۆناخی دواناوەندیی لە تاران تەواوکردووە.
- لە تاران لەگەڵ سەردار بەگی جاف ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە.
- خاوەنی سێ منداڵە بە ناوەکانی سیروان، سەیران و سۆما جاف.
- رۆژی 15-3-2020 لە شاری عەممان لە ئوردن کۆچی دوایی کرد.