رووداو-هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەل یەکدی، ئەمڕۆ یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدەدەنەوە، ئەمەش یەکێک بووە لە داواکارییەکانی کوردانی ئێزدی بۆ یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی کەسوکارەکانیان کە لە دوای هێرشی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 بۆسەر ئەو گوندە بەشێکیان هێشتا بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ هەینی 15-3-2019 لە گوندی کۆچۆ رێوڕەسمێک سازکرا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، نوێنەری یوئێن و نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە خۆی خەڵکی گوندی کۆچۆیە.
نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە رێوڕەسمەکەدا گوتی: "کاری پێویست بۆ ئاوارە ئێزدییەکان نەکراوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال و ناوچەکە بە گرنگ دەزانین".
نادیە موراد هەروەها داوای چارەنووسی بێسەروشوێنانی کوردانی ئێزدی کرد و لەهەمانکاتیشدا داوای سزادانی تاوانبارانی کرد
مەهدی عەلاق ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتاری سەرۆکوەزیرانی عێراقی پێشکەشکرد و رایگەیاند، حکومەتی عێراق بە هەمانگی نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویانە 71 گۆڕی بە کۆمەڵ بدۆزنەوە و ئەمڕۆ یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ هەڵدەدرێتەوە.
بەگوتەی عادل عەبدولمەهدی کە گوتارەکەی لەلایەن مەهدی عەلاقەوە خوێندرایەوە، هەڵدانەوەی گۆڕەکان لە رووی زانستییەوە دەبێت و تێیدا رەچاوی رێنمایی ئایینی و شەرعییەکان دەکرێن و دوای ئاشکرابوونی ناسنامەی قوربانییەکانیان رووفاتەکانیان رادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە رێوڕەسمی هەڵدانەوەی یەکەمین گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ رایگەیاند: "بۆ گەییشتن بە كەسوكاری بێ سەروشوێنبووان و كۆكردنەوەی نموونەی خوێن لێیان و وەرگرتنی زانیاری لەبارەی خۆشەویستە بێ سەروشوێنبووەكانیان بە مەبەستی ناسینەوەیان، حكومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هاوكاریكردن لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی لەپێناو بەدیهێنانی دادوەری بۆ قوربانیان، بەو پێیەی ئەمەش بە عەمەلی كراوە بۆ گەیشتن بە لێكتێگەییشتنێكی هاوبەش لەنێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدراڵ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ