بەئینفۆگرافیک.. یادی کیمیابارانی هەڵەبجە

15-03-2016
رووداو @Rudawkurdish
.....
.....
نیشانەکردن هەڵەبجە
A+ A-

رووداو- هەڵەبجە

پارێزگای هەڵەبجە بە رووبەری 1599 کیلۆمەتری چوارگۆشە دەکەوێتە 83 کیلۆمەتری باشووری رۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای سلێمانی و لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان سنووری هاوبەشی هەیە.


له‌ساڵی‌ 1889 بووه‌ته‌ قه‌زا و ئێستا چوار ناحیە (ناوەندی هەڵەبجە، سیروان، خورماڵ، بیارە) لەخۆ دەگرێت. بەشێکی زۆر لە نووسەر، شاعیر و ئەدیبانی گەورەی کورد وەکوو مەولەوی، نالی، گۆران، قانع و زۆری دیکە لە سنووری هەڵەبجە هەڵکەوتوون و لێی ژیاون.

کاریگەری لە قۆناخە جیاوازەکانی شۆڕشی کورددا بەرچاوە و بە هۆی هەلومەرجی ئەم ناوچەیە پێگە و پەناگای شۆڕش و شۆڕشگێران بووە. هەر بۆیەش لە سەردەمی رژێمی بەعسدا زۆر جار پەلامار دراوە و تۆپباران و بۆمباران کراوە.

لە کۆتاییەکانی شەڕی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، رژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر. لە ئاستی جیهانییدا ئەمە یەکەمین جار بوو کە دەوڵەتێک ناوچەیەک کیمیایی باران بکات کە ئەم ناوچەیە لە چوارچێوەی جوگرافیایی خۆی دابێ.

سوپای عێراق لە 14ی ئاداری 1988دا هێرشێکی تازەی بەربڵاوی بۆ سەر هەڵەبجە و دەوروبەری دەستپێکرد و بۆ ماوەی دوو رۆژ هەموو ئەم ناوچەیەی تۆپباران کرد. لە کاژێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی 16ی ئادار هێزی ئاسمانی حکومەتی ئەوکاتەی عێراق شاری هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆمباران کرد. چەکێک کە بەکارهێنانی قەدەخە بوو و دەوڵەتی عێڕاقیش یەکێک لەو 120 وڵاتە بوو کە پەیماننامەی جنێڤ-ی بۆ قەدەخەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی واژۆ کردبوو.

شایەتحاڵانی بۆمبارانکردنی هەڵەبجە لەبارەی ئەم کارەساتە لەو کاتدا بە هەواڵدەری BBCیان راگەیاندووە "لە رۆژی چوارشەممە، زیاتر لە 20 فرۆکە لە دوو گرووپدا ئەم شارەیان بۆمباران کرد کە به‌ بۆمبارانێکی ئاسایی نەدەچوو. بۆمبەکانی دوکەڵیان لێ هەڵدەستا و پاش بۆمبارانکردنەکە پەڵە هەورێکی دووکەڵاوی بە رەنگی رەش و سپی و زەرد کۆڵەکەیەکی بەرزی نزیک 50 مەتری پێکهێنا و بۆنی گاز ناوچەکەی داگرت. بۆنێک کە وەکوو بۆنی سیر دەچوو".

ئەو شایەتحاڵانە هەروەها گوتویانە "بۆمبارانەکە لەسەر ناوەندی شار و رێگاکانی هاتووچۆ چڕ ببۆوە. لە ناوەندی شار کە شوێنێکی قەرەباڵخ بوو و خەڵک لەوێدا کۆببوونەوە و هەروەها بۆ ئەوەی کە پێش بە دەرچوونی خەڵکەکە بگرن رێگاکانی هاتنەژوور و چوونەدەرەوەشیان بۆمبارانکرد". 

ئەو گازە کیمیاییانەی کە لەم کارەساتەدا بەکارهاتن بریتی بوون لە "ڤی ئیکس، سارین، تابۆن و خەردەل" کە کاریگەری لەسەر مێشک، دەروون، هەناسەکێشان، بینایی و پێست دەبێت.

شایەتحاڵەکان لە بارەی چۆنییەتی کاریگەری گازی کیمیایی لەسەر قوربانییەکان ئاماژەیان بەمە داوە "خەڵکێکی زۆر بە بۆنی ئەم چەکانی هەناسەی بۆ هەڵنەدەکێشرا و دەکەوتنە سەر زەوی. هەندێکی‌ دیكه‌ لە قوربانییەکان جلەکانیان دەدڕی و پێدەکەنین و دواتر دەکەوتن و گیانیان لە دەست دەدا".

کاتێک هەڵەبجە بۆمبارانکرا خەڵکێکی مەدەنی لێ دەژیا کە نە شارەزاییان لە بارەی چەکی کیمیاییەوە هەبووه‌ و نە دەیانزانی چۆن خۆیان لە بەرامبەر ئەو چەکانەدا بپارێزن و هەروەها هیچ کەرەستەیەکی تەندروستییان نەبوو کە پێشی پێ بگرن.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە هیچکات نەیانتوانی روپێوی هەموو کارەساتەکە بکەن، زیاتر لە 5 هەزار کەس دوایین هەناسەی ژیانیان بە گازی کیمیاییەوە هەڵکێشا و کتوپڕ گیانیان لەدەستدا و پتر لە 10 هەزار کەسیش بریندار کەوتن. بریندارەکانیش تووشی نەخۆشی مێشکی، دەروونی، هەناسەکێشان، بینایی و پێست بوون و ژمارەیەک لەوانیش دواتر بە هۆی کاریگەری گازی کیمیاییەوە گیانیان لەدەستدا. گازی کیمیایی هەروەها تا ماوەیەکی زۆر کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی بەرکەوتوو دەمێنیتەوە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی بۆ نەوەکانیان دەگوازرێتەوە.

رێژەیەکی بەرچاو لە قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە ژن و منداڵ بوون. بە پێی ئەو ئامارانەی کە ئەو کات بڵاو کرانەوە دەوروبەری 75% قوربانییەکان ژن و منداڵ بوون.

ئێستا هەڵەبجە پارێزگایەکی ئاوەدانە بەڵام 114 منداڵی ونبوو بێسۆراخن، 11 منداڵ تاوەکو ئێستا دۆزراونەتەوە، هێشتا 72 خێزان بۆ سۆراخی منداڵە ونبوەکانیان لە چاوەڕوانیدان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە