ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کەیسی کوردانی ئێزدیی بە جینوساید ناساند
رووداو- واشنتن
دوای نزیکەی 18 مانگ لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ کەیسی کوردانی ئێزدی بە جینوساید ناساند.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەکۆی دەنگ پرۆژە یاسایەکی تێپەڕاند، کە کردەوەکانی داعشی بەرامبەر ئێزدییەکان و کەمینە ئاینییەکانی دیکەی بە جینوساید ناساند.
پێشبینیدەکرا دەنگدان لەسەر کەیسەکە بەزۆرینە تێپەڕێنرێت، بەڵام لەکۆی 393 کۆنگرێسمان کە ئامادەی دانیشتنەکە بوون پرۆژەکە 393 دەنگی بەدەستهێنا واتا هیچ دەنگێ دژی کەیسی کوردانی ئێزدی نەوەستایەوە.
دواینجار کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەکۆی دەنگ، دەنگی لە سەر جینوسایدی گەلانی دیکەدا ساڵی 2004 بوو کاتێک کەیسی دارفۆری بە جینۆساید ناساند.
لەمانگی دیسەمبەری 2015 کۆنگرێس داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کردبوو، کە لە سێ مانگدا لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئیزدییەکان بکات ئەوەش بۆ کۆنگریس روونبکاتەوە، کە ئایا ئەوەی داعش بەرامبەر بە ئێزدییەکان کردوویەتی جینۆسایدە یاخود نا، بەڵام هێشتا جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە، چونکە ئیدارەی کۆشکی سپی کەیسی کوردانی ئێزدی و کەمینەکانی دیکەی بە جینۆساید نەناساندووە.
هەروەها بڕیارەکە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بۆ وەزارەتی دەرەوە دیاریدەکات بۆ ئەوەی کردەوەکانی داعش وەکو تیرۆر بناسێنێت.
پۆڵ راین، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند: " دوای ئەوەی ئیدارەی کۆشکی سپی لەم بابەتەدا شکستیهێنا ئێستا گەلی ئەمریکا بە دەنگی بەرز هاوار دەکات".
هاوکات جیف فۆرتنێری، سیناتۆری نیباراسکا رایگەیاند: "دەبێت ئەو تووندتیژییە بەرامبەر بە ئێزدییەکان، کرستیانەکان و کەمینەکانی دیکە کراوە ناوی خۆی لێبنین کە جینۆسایدە".
هەروەها جیف گوتی " هیوا دەخوازم تێپەڕاندنی ئەم یاسایە ببێتە مایەی ئەوەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کار بۆ ئەوە بکات لە ئاستی نێودەوڵەتی کەیسەکە بە جینۆساید بناسرێت".
ئەم کەیسە تەنیا تایبەت نییە بە کوردانی ئێزدیی، بەڵکو کرستیان و کەمینە ئاینییەکانی دیکەش لەخۆ دەگرێت.
چاودێران پێیانوایە ناساندنی کەیسەکە وەکو جینۆساید لە ئایندەدا رێگە خۆشدەکات کە ئەمریکا هێزی وشکانی دژ بە داعش بە کاربهێنێت، تاوەکو رێگری لە جینۆساید بگرێت. هەروەها چاوەڕێدەکرێت ئەمریکا باوەش بۆ قوربانییەکان بکاتەوە.
پێشتریش نەتەوەیەکگرتووەکان کەیسی ئێزدییەکانی بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید ناساندبوو.