لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان باران دەبارێت و دۆخی سوور راگەیێندراوە

رووداو دیجیتاڵ 

شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لە مهاباد بەفر دەبارێت، لە کرماشان بەهۆی بارانەوە ئاو لەسەر شەقام و کۆڵانەکان کۆبووەتەوە و لە پارێزگاکانی سنە، ئیلام و لوڕستانیش لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت.
 
کەشناسیی پارێزگای کرماشان هۆشداری رەنگی سووری راگەیاندووە و دەڵێت، کاریگەری شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئەگەری هەیە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگا لە نێوان 50 تاوەکو 90 مللیمەتر باران ببارێت.
 
لە شاری کرماشان، بارینی باران بووەتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقام و کۆڵانەکان و لە چەندین گەڕەکی شار وەک ئیلاهیە، دادگوستەری و دەوڵەتاوا، ئاو چووەتە نێو ژمارەیەک ماڵ و دوکانی هاونیشتمانییان.
 
برومەند نامداری، جێگری سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بۆ کاروباری خزمەتگوزارییە شارییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەهۆی هۆشدارییەکەی رێکخراوی کەشناسی و بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دۆخێکی لەناکاو، 650 کارمەندی شارەوانی و بەرگریی شارستانیی کرماشان لە ئامادەباشیدان.
 
بە گوتەی نامداری، بەمەبەستی رێگەگرتن لە روودانی قەیران لە شارەوانییەکانی سێ، چوار، پێنج و هەشتی شاری کرماشان، رێکاری تایبەت گیراونەتەبەر.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشانیش دوێنێ رایگەیاند، شەپۆلێکی بەهێزی باران روو لەو پارێزگایە دەکات و هۆشداری رەنگی سووری دەرکرد.
 
ئەفشین یێگانە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاریی کرماشان داوای لە خەڵکی ئەو پارێزگایە کرد، ئەگەر زۆر پێویست نەبێی سەردان و هاتووچۆ نەکەن و لە  رووبارەکان دوور بکەونەوە.
 
بەپێی رێکخراوی کەشناسیی لوڕستان، شەپۆلە نوێیەکە ئەو پارێزگایەش دەگرێتەوە.
 
کەشناسیی لوڕستان دەڵێت، لە رۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو کۆتایی رۆژی شەممە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایە باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بارینی بەفر هەیە. بەپێی پێشبێنییەکانی کەشناسی، لە سنووری پارێزگای لوڕستان لە نێوان 60 تاوەکو 80 مللیمەتر باران دەبارێت.
 
ئیمان خوسرەوی، قایمقامی شاری ئەلیگوردەرزیش رایگەیاند، لەبەر ئەوەی لەم ماوەیەی دواییدا بە رێژەیەکی باش باران باریوە و ئاوی پشت بەنداوی رووباری شارەکە بەرزبووەتەوە، رۆژی پێنجشەممە 15-02-2024 دەرچەی بەنداوەکە دەکرێتەوە.
 
موسلیم مورادی، قایمقامی شاری بروجێردیش ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمیتەی کۆنترۆڵی قەیرانی شارەکە کۆبووەوە و رایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینییەکانی کەشناسی کە ئاماژە بە بارینی 70 ملیمەتر باران لە ناوچە دەکات، ئەگەری روودانی لافاو هەیە، بۆیە شارەوانی، فەرمانگەی رێگەوبان، فەرمانگەی ئاو و مانگی سووری بروجێرد لە ئامادەباشیدان.
 
لە پارێزگای ورمێش لە رۆژی چوارشەممەوە، بارینی باران لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، نەغەدە، پیرانشار، مهاباد، بۆکان و سەردەشت دەستیپێکردووە و ئەمڕۆش ناوە بە ناوە بەردەوام بووە.
 
هەروەها ئەمرۆ لە سنووری شاری مهاباد بەفر باریوە.
 
رەحمەت نەویدی نیا، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی مهاباد رایگەیاند، ئێستا لە ملەی زەمزیران لە رێگەی نێوان مهاباد-سەردەشت بارینی بەفر دەستیپێکردووە و تیمەکانیان خەریکی پاککردنەوەی رێگەکەن. هەروەها لە ملەی کانی رەش (قەرە بولاغ) لەسەر رێگەی نێوان مهاباد - بۆکان باران دەبارێت و تەمومژ ناوچەکەی داپۆشیوە و بە هۆیەوە مەودای بینین بۆ کەمتر لە 10 مەتر کەمبووەتەوە.
 
بەپێی پێشبینی کەشناسیی مهاباد، بارینی بەفر و باران لە سنووری مهاباد و ناوچەکانی باشووری پارێزگای ورمێ تاوەکو رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
لە ئیلامیش باران دەبارێت و بەهۆی بارینی باران ئاستی ئاوی رووبارەکان لە سنووری ئەو پارێزگایە بەرزبووەتەوە.
 
كەشناسی پارێزگای ئیلام هۆشداری داوە کە بە بەردەوامبوونی بارینی باران، ئەگەری روودانی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقامەکان هەیە.
 
محەمەدسوبحان حەسەنی، جێگری پارێزگای ئیلام بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنییەکان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمیتەی کۆنترۆڵی قەیرانی ئەو پارێزگایە رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەی هەر دۆخێکی لەناکاو بڕیار دراوە کە دام و دەزگە پەیوەندیدارەکانی پارێزگا لە ئامادەباشیدابن.
 
لە پارێزگای سنەش لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو پارێزگایە باران دەبارێت. کەشناسیی سنە رایگەیاند، شەپۆلە نوێیەکەی بارین لە رۆژی چوارشەممەوە ئەو پارێزگایەی گرتووەتەوە و تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
بەپێی پێشبێنییەکانی کەشناسیی سنە، لە رۆژی هەینییەوە پلەکانی هەوا زیاتر دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.