رووداو لە شوێنی کانە رووخاوەکەی زێڕە لە ئەرزینجان؛ 'کارەسات روویداوە'

15-02-2024
راوین ستێرک
راوین ستێرک
A+ A-
رووداو ئیلیچ

لەپێناو رزگارکردنی ئەو کرێکارانەی کەوتوونەتە ژێر کانە زێڕە رووخاوەکەی ئیلیچ لە ئەرزینجان، هەتاوەکو ئێستا تیمەکانی فریاکەوتن لە 10 شارەوە گەیشتوونەتە شوێنی کارەساتەکە، بەڵام هێشتا تەنانەت نازانرێت کەوتوونەتە چ شوێنێکی کانە رووخاوەکەشەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی ئەو خاکەی بە مادەی کیمیایی پیس بووە، نەگاتە رووباری فورات، بەردەوام چاڵ لە دەوروبەری شوێنی کارەساتەکە هەڵدەکۆڵرێت، ماڵباتی کرێکارەکانیش بەخەمەوە چاوەڕوانی قسەیەکن هیوایان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەڵام تادێت زیاتر بێهیوا دەبن.
 
لە کانی زێڕی ئیلیچ لە ناوچەی ئەرزینجانی باکووری کوردستان، ئێستا رەوشەکە بەجۆرێکە؛ تیمێکی فریاکەوتن دەڕوا، یەکی دیکە دێت، بەڵام ئەوە سێ رۆژ بەسەر رووداوی رووخانی کانە زێڕەکەدا تێپەڕ دەبێت، کەچی نە هەواڵێک لەبارەی رزگارکردنی نۆ کرێکارەکە هەیە، نە تەنانەت شوێنیشیان دەستنیشانکراوە. 
 
ئۆزکان ساتی، یەکێک لە کەسوکاری کرێکارەکانە و رۆژی (14-2-2024) قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێ "ئێستا زاواکەم لەژێر خاکدایە، ناوی ئۆگوور یڵدزە، نە کەس هاتووەتە لای ئێمە و نە ئێمە دەگەینە لای هیچ کەسێک، کەسیش هیچمان پێ ناڵێت. ئێمە نەمانتوانی خۆمان بگەیێنینە ئۆگوور، هاوڕێیەکی پێی گوتین ئەو لەنێو کانەکەدایە، ئەوە دوو رۆژە پەرێشانین و چاوەڕوانی هەواڵێکین."
 
ئەو کانەی کانزا، یەکێکە لە گەورەترین کانەکانی کانزا لەسەر ئاستی جیهان، کە ساڵانە زیاتر لە 6.5 تۆن زێڕی لێ بەرهەمدێت.  800 کەس لە کانەکەدا کاریان دەکرد و رووخانەکەی بووەتە گەرمترین رۆژەڤی تورکیا لەم سێ رۆژەدا.
 
بەشێکی کانەکە رووخاوە؛ بەپێی زانیارییەکان 10 ملیۆن تۆن خۆڵ دەبێت کە مادەی سیانی تێکەڵە. ئێستاش نۆ کرێکار لەژێریدان. 
 
کانەکە شوێنێکە، کە ساڵانێکی دوورودرێژە بووەتە مایەی مشتومڕ و گومان.
 
د. باران بۆزۆگلو، ئەندامی ئەنجوومەنی پارتی جەهەپە گوتی "بەداخەوە، ئێستا ئێمە لەنێو کارەساتێکی ژینگەییدا دەژین، بۆ ئەوەی سیانید نەگاتە رووباری فورات، هەوڵەکان بەردەوامن. بەڵام بۆ ئاوی ژێر زەوی، مەترسییەکی گەورە هەیە، چونکە ئێستا ئەو خاکە تێکەڵ بە سیانیدە لەسەر زەوییە و، مەترسی هەیە تێکەڵی ئاوی ژێر زەوی ببێت و بگاتە رووباری فورات."
 
لە ساڵی 2022ـشدا جارێکی دیکە سیانید لە هەمان شوێن تێکەڵی ئاوی فورات ببوو، بۆیە کار لەسەر ئەوە کرا کانەکە دابخرێت، بەڵام دواتر راپۆرتێکی ئەرێنی درا، کە ئێستا ئاشکرا بووە؛ کەسێک لەو کۆمپانیایەی راپۆرتەکەی ئامادەکردبوو، بووەتە بەڕێوەبەر لە هەمان کان. 
 
ئەرینج ساگکان، سەرۆکی یەکێتیی باریۆیان، دەڵێ "ئێمە ناتوانین بڵێین ئەم کارەساتە قەزا و قەدەر بووە، چونکە شتێک کە لەبەرچاوان و وەها ئاشکرایە پێی ناگوترێت قەزا و قەدەر، بەداخەوە هەموو ئەو هۆشیاریدانانەی هەتاوەکو ئێستا دراون، پشتگوێخراون. ئێمە زۆر راپۆرتمان لەبارەی ئەوە دابوو کە راپۆرتەکە لەسەر بنچینەی زانستی نەبووە و، کانەکە زۆر لە نزیک ئاو دروستکراوە، نەدەبووایە راپۆرتی ئەرێنیی لەبارەوە بدرێت."
 

راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە نزیک کانە رووخاوەکەیە و دواین زانیاری لەبارەیەوە دەدات:

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە