لە جۆلەمێرگ بەهۆی بارینی بەفرەوە لە قوتابخانەکان کرایە پشوو

رووداو دیجیتاڵ

لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و شارۆچكەی گەڤەر بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر بۆ ماوەی یەک رۆژ پشووی خوێندن راگەیێندرا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک، کە لەلایەن پارێزگای جۆلەمێرگ بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 15ـی شوباتی 2024) بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا و بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و شارۆچکەی گەڤەر، لەو پارێزگایە دەرگای قوتابخانەکان داخراون. 
 
لە هەندێک ناوچەی شارۆچكەی گەڤەر نزیکەی دوو مەتر بەفر کەوتووە و بەشێكی زۆری رێگەوبانەکان داخراون. 
 
تیمەکانی شارەوانی و تیمەکانی کارگێڕیی تایبەتی شار؛ هەروەها تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ راماڵینی بەفری شەقام و کردنەوەی رێگەوبانەکان. داوا لە هاونیشتیمانیان دەکرێت لەکاتی چوونە دەرەوە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.