دادگە لەبارەی دۆسیەی گەندەڵیی شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری مهاباد بڕیاری دا

16-02-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، دادگە لەبارەی دۆسیەی گەندەڵیی شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری مهاباد بڕیاری خۆی دا و تۆمەتبارانی دۆسیەکە بە زیندانیکردن، سزای دارایی، لێدانی قامچی و گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی بە شێوەیەکی نایاسایی وەریانگرتووە، سزادران. 
 
ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ورمێ، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لەسەر راپۆرتی لایەنە ئەمنییەکانی مهاباد سەبارەت بە گەندەڵیی دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری مهاباد و ژمارەیەک لە کارمەندانی شارەوانی ئەو شارە و دوای ئاگاداربوون لەوەی کە لە ئەنجوومەنی شار و دەزگەی هاوکاریی شارەوانیی مهاباد گەندەڵی کراوە، ئەو پرسە خرایە بەرنامەی کاری دەسەڵاتی دادوەری و بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی تەکنیکی، تۆمەتباران و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو گەندەڵییە دەستنیشان کران.
 
بە گوتەی عەتەباتی، دادگە بریاری لەبارەی دۆسیەی گەندەڵیی شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری مهابادی داوە و ئەو کەسانە لە لایەن هۆبەی دووی دادگەی تاوانەکانی مهابادەوە بە تۆمەتی گەندەڵی، وەرگرتنی بەرتیل، خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەیان، بەدەستهێنانی موڵک و سامان لە رێگەی نایاسایی و ساختەکردنی بەڵگەنامەکان سزا دراون.
 
دەشڵێت، تۆمەتبارانی دۆسیەکە بە زیندانیکردن، سزای دارایی، لێدانی قامچی و گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی بەشێوەیەکی نایاسایی وەریانگرتووە، سزا دران.
 
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ورمێ، رۆژی 10ی ئابی 2024 باسی ئاشکراکردنی گەندەڵیی لە شارەوانی و ئەنجوومەنی شاری مهاباد کردبوو و رایگەیاندبوو، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا 12 تۆمەتبار دەستنیشان کراون، کە دوو لەوانە ئەندامی ئەنجوومەنی شار و چواریشیان فەرمانبەری دەزگەی هاوکاری شارەوانیی مهابادن.  
 
عەتەباتی هەروەها گوتبووی: "ئەو کەسانە بە وەرگرتنی بەرتیل، بەدەستهێنانی موڵک و ماڵ بە رێگەی نایاسایی، گواستنەوەی موڵک، قاچاخی خواردنەوە کحولییەکان، هەڵگرتنی چەکی سەربازی، ساختەکردنی واژۆی دەسەڵاتی دادوەری، خواردنەوەی مەی، ساختەکردن و بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە" تۆمەتبار کراون و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگەی تاوان کراون. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە