رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی لێزمەباران و لافاو، 16 بزنی کێوی جووتیارێک لە ناحیەیەکی سەر بە قەزای ئاکرێ مرداربوونەوە، خاوەنەکەیشی بە رووداوی گوت، "نزیکەی 10 هەزار دۆلار زیانی پێگەیشتووە."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ئەنجامی لێزمەباران، لافاو لە گوندی گڕگوڕان سەر بە ناحیەی گرێ سیرڤا لە قەزای ئاکرێی پارێزگای دهۆک دروستبوو.
لەم گوندەدا، جووتیارێک بەناوی خەلیل ئیبراهیم، 20 ساڵە خەریکی بەخێوکردنی بزنە کێوییە. خەلیل ئیبراهیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆی 41 بزنە کێوی، 16یان خنکاون و 11یان رزگارکران و ئەوانی دیکەشی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.
بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی، لە 24 کاژێردا لە ئاکرێ 120ملیم باران باریوە. ئەمەش لە هەندێ شوێن بووەتە هۆی لافاو.
خەلیل ئیبراهیم بە رووداوی گوت، "کاژێر 1:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شوانی گوندەکەمان پەیوەندیی پێوەکردم و پێی راگەیاندم، ئاو لەنێو پرۆژەی بەخێوکردنی بزنە کێوییەکان گردبووەتەوە. بارانێکی زۆر دەباری و ئاستەنگی زۆری بۆ دروستکردین و توانیمان کاژێر 7:00ی بەیانی بگەینە ئێرە. تاوەکو ئێستا 16 ئاژەڵم مردار بوونەتەوە، 11 ئاژەڵمان رزگارکرد و بەشێکی دیکەشیان بێسەروشوێنن و گەڕان بەداوایاندا بەردەوامە".
باسی لەوەشکرد، بارانەکە هێندە بەهێزبوو، ئاوەکە لە شوێنی دیکەوە رژایە نێو پرۆژەکەیەوە و لەناو پرۆژەکەیدا چاڵێکی گەورە هەبووە کە ئالیک و خوانی بۆ بزنە کێوییەکان لەخۆ گرتبوو لەگەڵ شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵەکان و گوتی، "بەداخەوە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا چاڵە پێنج مەترییەکە سەرڕێژ بوو ئاژەڵەکانیش تێیدا گیریان خواردبوو".
خاوەن پرۆژەی بەخێوکردنی بزنە کێوییەکە ئەوەشی خستەڕوو، چوار لە بزنەکان ئاوس بوون. هەروەها زیانی نزیکەی 10 هەزار دۆلاری پێگەیشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ