لە کرماشان ئاو چووە نێو 21 ماڵ

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری کرماشان، بارینی باران بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو لەسەر شەقام و کۆڵانەکان، هەروەها ئاو چووە نێو 21 ماڵی شارەکە.
 
بارینی بارانی بەخوڕ لە شاری کرماشان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بەتایبەتی لە چەند گەڕەکێکی شارەکە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتیان دروستکردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، لە چەندین گەڕەکی شاری کرماشان وەک ئیلاهیە، دادگوستەری و دەولەت ئاوا، ئاو چووەتە نێو ژمارەیەک ماڵ و دووکانی هاونیشتمانیان. 
 
غولامڕەزا رەزایی، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی کرماشان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای هاتنی شەپۆلە نوێیەکەی بارینەوە و بەهۆی بارانی بەردەوام لە شاری کرماشان، لە چەندین شەقام و گەڕەکی شار ئاو کۆبووەتەوە و ئاو چووەتە نێو 21 ماڵ و  زیانی مادی لێکەوتەوە
 
رەزایی گوتی، هەر بەهۆی ئاوی بارانەوە 35 ئۆتۆمبێل گیریان خوارد کە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و رێگەوبانەوە رزگار کران.
 
کەشناسیی پارێزگای کرماشان هۆشداری رەنگی سووری راگەیاندووە و دەڵێت، کاریگەری شەپۆلە نوێیەکە تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئەگەری هەیە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگا لە نێوان 50 تاوەکو 90 ملیمەتر باران ببارێت.
 
برومەند نامداری، جێگری سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بۆ کاروباری خزمەتگوزارییە شارییەکانیش، ئەمڕۆ رایگەیاند، بەهۆی هۆشدارییەکەی رێکخراوی کەشناسی و بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دۆخێکی لەناکاو، 650 کارمەندی شارەوانی و بەرگریی شارستانیی کرماشان لە ئامادەباشیدان.