رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی پەکەکە. هۆشداریشی دایە یەکێتی و گوتی، "دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تا کۆتایی دادەخەین."
لەکاتی گەڕانەوەی لە قاهیرە بۆ وڵاتەکەی رۆژی پێنجشەممە، 15-2-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە کە یەکێک لەو پرسیارانە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە - سلێمانی و کۆبوونەوەکەی بوو لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوبەی.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "ئێمە چەندین جار هۆشداریمان لەبارەی ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی سلێمانی داوە. پێمانگوتن؛ لەوێ چەند پێکهاتەیەک لە ناوچەکە دەبینین، دەرفەتیان پێ مەدەن. ئەگەرنا تەنیا دەمێننەوە."
لە 3ـی نیسانی 2023، کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکو ئێستا راگرتووە؛ چەندین جاریش بڕیارەکە درێژکراوەتەوە. لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، "چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە و رێکخراوەکە دزەیکردووە بۆ نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان.''
لە دوایین بڕیاردا، تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 22ـی 6ـی 2024 درێژکردووەتەوە.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هەولێر لە پەیوەندییەکانی زۆر باشدان و سەبارەت بە سلێمانیش گوتی، "سلێمانی، هەمیشە دەستمان بەسەریەوەیە و شوێنێکە هاونەژادەکانی ئێمەی لێیە. لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ هەولێر لە ئاراستەیەکی باشین و بەرەوپێش دەڕۆین. بەڵام سلێمانی، واتە ئیدارەی "ی ن ک" سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە".
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد لە دیدارەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی لە دوبەی باسیان لەو بابەتە کردووە و رایگەیاند، "لە دیدارەکەماندا ئێمە بابەتەکەمان خستە بەر باس و ئاگادارمان کردنەوە. با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز لە ئێمە نەکات. کاردانەوەی پێویستمان دەبێت. ئەم بابەتە فەرامۆش ناکەین و ئەو هەنگاوانە دەنێین کە لەدەستمان دێن. دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاسایشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تاوەکو کۆتایی دادەخەین و ئەوەی پێویستە دەیکەین."
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، ئەگەر ئامانج لەو هەنگاوانە دووژمنداری بێت، کاردانەوە و رێکاری پێویستیان دەبێت، هەروەها سڵناکەنەوە لە هەنگاوی تووندتر.
ئەردۆغان بە گشتی وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا دایەوە و گوتی، "تورکیا بەرامبەر دۆست، دۆستە. وەزیری دەرەوەمان هاکان فیدان، وەزیری بەرگریمان یاشار گولەر و سەرۆکی MIT ئیبراهیم کاڵن بەدوای یەکەوە سەردانی عێراقیان کرد. ئەم سەردانانە ئەو کەشەیان ئارام کردەوە کە پێشهاتی نەرێنییان لە عێراق دروستکردبوو. هەروەها پێشهاتی باش بوون لە بابەتی هەنگاوی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی تورکیا - عێراق چ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و چ لەگەڵ باکووری عێراق".
لە بابەتی "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ئەردۆغان رایگەیاند، "دوای نیشاندانی راستگۆیی و مەردایەتی، بەتایبەتیش دوای رێگەنەدان بە دروستکردنی 'ستان'ی تیرۆرستان لە بنپاڵی سنوورەکانی باشوورمان، ئێمە هەموو جۆرە هەنگاوێک بەیەکەوە لەگەڵ دراوسێکانمان دەنێین. ئەو رێزەی ئێمە بەرامبەر یەکێتیی خاکی عێراق و سووریا نیشانی دەدەین، هیچ کەسێک نیشانی نادات."
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 06-02-2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەو دوو بەرپرسە تورکییە چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، لەوانە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی کۆبوونەوە. دواتریش لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ یاشار گولەر باسی بڕیارەکانی تورکیا سەبارەت بە راگرتنی گەشتەکانی تورکیا بەڕووی ئاسمانی سلێمانیدا کراوە.
رۆژی 4ـی شوباتی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، "یەکێتی لە سلێمانی هاوئاهەنگی لەگەڵ پەکەکەدا هەیە و ئەم راستییە لەمێژە لە رۆژەڤماندایە، بەتایبەتی لە رووی هەواڵگریشەوە زۆر لە نزیکەوە چاودێریمان کردووە."
باسی لەوەشکرد بەرلەوەی ئەم بابەتە بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکەن، زۆر هەوڵیانداوە ''بە هێمنی و بێدەنگی چ لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، یان لە رێگەی میتۆدە کارپێکراوەکانی هەواڵگرییەوە، چارەیان بکەن'' بۆ ئەمەش چەندینجار لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی لە سلێمانی دیدار و کۆبوونەوەیان کردووە.
هاکان فیدان گوتی، "لە هەر دیدارێکماندا بە راشکاوی پێمان گوتوون دەمانەوێت سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە دابنێن."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023 بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت. دوای هێرشەکە، دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، "سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون" و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی سێشەممە، 19-9-2023، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2023 لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی روویدا، جێگەی سەرنجن. وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە راهێنانیان کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ