رێگەی بالیسان تاسە و چاڵەکانی لە شوێنە باشەکانی زیاترن

15-02-2024
ئەندام جەبار
ڤیدیۆی هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەکە
ڤیدیۆی هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یەک جار رۆیشتن بەسەر رێگەکەدا بەسە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل زیانی پێبکەوێت و شۆفێر ناچار بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بکات. ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەیبینن، رێگەی بالیسانە، ئەو رێگەیەی تاسە و چاڵەکانی لە شوێنە باشەکانی زیاترن.
 
عومەر ئەحمەد، شۆفێرە و دەڵێت، یەک جار بچیتە شکارتە و بێیتەوە بالیسان ئۆتۆمبێلەکەت وێران دەبێت، خراپیی رێگەکە زیانی گیانیشی هەبووە. 
 
سەلام حەسەن، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و ئاماژە بەوە دەکات، "نەخۆشێکمان هەبێت تا دەیگەیێنینە سنووری رانیە، یان شەقڵاوە ئێش و ئازاری دوو بەرامبەر زیاتر دەبێت، ئەوانەی بەروبوومی کشتوکاڵییان هەبوو، ساڵی رابردوو هیچیان نەما، ئەو کۆمپانیایە ئەگەر جادەکە چاک ناکات، با بیگۆڕن و کۆمپانیایەکی دیکە بێنن و پڕۆژەکە وەربگرێت." 
 
بۆ قیرتاوکردنی ئەو رێگەیە. حکومەت بە گوژمەی حەوت ملیار و 698 ملیۆن دینار گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێوخۆیی کرد و کۆمپانیاکە لەکۆی ئەو پارەیە یەک ملیار و نیوی پێدراوە، تائێستاش تەنیا کاری بڕین و چەوڕێژکردنی بۆ رێگەکە کردووە.
 
لە ساڵی 2021ـەوە دەست بە ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە کراوە و تاوەکو ئێستا تەنیا 21٪ـی کارەکانی بەکۆتا هاتوون. بە گوێرەی گرێبەستی حکومەت، لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار، دەبووا پڕۆژەکە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت، ساڵێک بەسەر وادەی تەواوکردنی تێپەڕیوە و بستێکی لێ قیرتاو نەکراوە. 
 
هۆکاری ئێستای راگرتنی کارەکانی رێگەی بالیسان وەرزی بارانبارین و سەرمایە، حکومەت نووسراوی ئاراستەی کۆمپانیا کردووە کە دەبێت لە 1ـی مانگی ئادار دەست بە کارکردن بکاتەوە.
 
رووداو زانیویەتی کۆمپانیا ئامادە نییە لەو وادەیەدا دەست بە بەکار بکاتەوە و هۆکارەکەیشی نەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکەیە لە بەرامبەر ئەو کارانەی بۆ رێگەکە کردوویانە.
  
مەهدی مستەفا، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە رووداوی راگەیاند، "بەڵێندەر لە سەرێکدا حەقی خۆیەتی کە شایستە داراییەکانی پێنەدراوە کە قۆناخ بە قۆناخ کار دەکات، پێویستە شایستە داراییەکانی پێ بدرێت کە پێی نەدراوە، کارەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان دەکرێت، ئەوان پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکەن یان پڕۆژەکەی لێوەربگرنەوە و بیدەنە بەڵێندەرێکی دیکە بۆ ئەوەی کارەکە بکات."
 
رێگەی بالیسان - شکارتە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دەبەستێتەوە. لە 23 کیلۆمەتری رێگە خراپەکە، 13 کیلۆمەتری سنووری بالیسانی سەر بە قەزای شەقڵاوەیە و 10 کیلۆمەتریشی سنووری شارۆچکەی شکارتەیە لە ئیدارەی راپەڕین. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە