لە ئاکرێ ماڵێک سووتا و ئاوی باران چووە نێو دوو ماڵەوە

رووداو دیجیتاڵ
لە ئاکرێ بەهۆی شۆرتی کارەبا ئاگر لە ماڵێک بەربوو، هەروەها بەهۆی بارانی بەخوڕ، ئاو چووە نێو دوو ماڵی ناحیەی دینارتە.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ درەنگانی شەوی 14-2-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمشەو لە گەڕەکی سارمێ لە سەنتەری ئاکرێ بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە ماڵێک بەربوو."
بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرەی بەرگریی شارستانی ئاکرێ، ئەوان توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
لەلایەک ئاگر و لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی بارانی بەردەوام لە ناحیەی دینارتە، کە سەر بە قەزای ئاکرێیە ئاو چووە نێو دوو ماڵەوە. لە هەردوو رووداوەکەشدا بەپێی گوتەی عەقید ئیبراهیم "تەنیا زیانی مادی هەبووە."
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی لە هەرێمی کوردستان، شەوی چوارشەممە بە رووداوی راگەیاندبوو "چەند هەورێکی چڕی پڕ لە باران دروستبوون، بەرەو ناوچەکانی موسڵ، کەرکووک، دهۆک و هەولێر دێن."
ئەو شارەزایەی کەشناسی هەروەها گوتی لە کاژێرەکانی داهاتوودا شەپۆلەکە دەگاتە سەر ئاسمانی شاری هەولێر و بارانێکی زۆر دەبارێت. لە هەندێک شوێندا ئەگەری لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە.
بارانی بەخوڕ لە چەند شوێنێک لە درەنگانی شەو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بووەتە هۆی کۆبوونەوەی ئاو بەتایبەتی لە چەند شوێنێکی قەزای خەبات و ناحیەی رزگاری لە سنووری هەولێر، هەروەها چوار پێشمەرگە بەهۆی ئەوەی هەورەبرووسکە لە رەبایەکەیانی داوە لە سنووری شێروان مەزن، رەوشی تەندروستییان تێکچوو و گەیەنرانە نەخۆشخانە.