پۆلیسی هەولێر: تۆمەتباری بریندارکردنی قوتابییەکە دەستگیرکرا

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
دوێنێ قوتابییەکی 14 ساڵ بەناوی سیا سەردار لە هەولێر بە چەقۆ بریندار کرا. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 15-2-2023، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ دوای رووداوەکە تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ھ. ب. م) تەمەن 16 ساڵ دەستگیرکرد کە لە قوتابخانەی هەولێری نموونەیی ئینگلیزی بە "چەقۆ هێرشی کردبووە سەر قوتابییەک" و بە سەختی برینداری کردبوو.
 
تۆمەتبارەکە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و پەڕاوەکەی رەوانەی بنکەی پۆلیسی نەوجەوانان کراوە.
 
دوێنێ سەدا سەردار، برای سیا بە رووداوی گوت: "مامۆستایەک تەلەفۆنی کرد و گوتی کوڕەکەتان چەقۆی بەرکەوتووە و لە نەخۆشخانەی رزگارییە. منیش چوومە نەخۆشخانەکە و بینیم هەموو گیانی خوێنە."
 
 
دوای نزیکەی شەش کاژێر لە رووداوەکە، سیا سەردار بەئاگا هاتەوە، پزیشکەکان هۆشدارییان بە باوک و دایکی داوە کە تەندروستیی کوڕەکەیان جێگیر نییە.