رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: "بریندارکردنی برایەکی کازم فارووق بەناوی تاریقەوە بەهۆی شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل بووە و ئەویش کەسێکی بریندارکردووە. ئێستا بەپێی مادەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی لە بنکەی پۆلیسی بەکرەجۆ راگیراوە."
رۆژی چوارشەممە 15-2-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ دوو برای کازم فارووق بە ناوی تاریق و زوهێر لە بەکرەجۆ لەسەر شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەگەڵ کوڕێک شەڕیان بووە بە ناوی ئاسۆ فارووق و یەکدی بریندار دەکەن."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: ئاسۆ فارووق دەڵێت، لووتی شکاوە و راپۆرتی پزیشکیشی هەیە بۆ سەلماندنی قسەکەی. سەرکەوت ئەحمەد گوتی، "تاریقی برای کازم فارووقیش پشتی سەری بە نزیکەی دوو سانتیمەتر برینداربووە، بەڵام بە چی بووە پۆلیس نازانێت."
سەرکەوت ئەحمەد رایگەیاند: "بەپێی مادەی 413 لە یاسای سزادانی عێراقی، دادوەر هەرسێکیانی واتە ئاسۆ، تاریق و زوهێر لە بنکەی پۆلیسی بەکرەجۆ راگرتووە."
دوێنێ سێشەممە، بریندارکردنی تاریق فارووق بەسترایەوە بە کێشەی تایبەت بە براکەی کە کازم فارووق، پەرلەمانتاری نەوەی نوێیە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: "ئەو شەڕەی روویداوە شەڕێکی ئاسایی بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەی سیاسییەوە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ