سوپای عێراق خەڵکی تۆپزاوای کەرکووک ئاگاداردەکاتەوە ناوچەکەیان جێبهێڵن

رووداو دیجیتاڵ

سوپای عێراق بەنیازە لە تۆپزاوای کەرکووک دەست بەسەر زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەویدا بگرێت بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرییە، هەرچەندە سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی ماددەی 140ـدان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێتەوە.
 
ئەفسەرێکی سوپای عێراق لە تۆپزاوا، خەڵک و جووتیاری کوردی ئاگادارکردووەتەوە زەوییەکانیان جێبهێڵن، یەکێک لەو کەسانەی ئاگادارکراوەتەوە ئیحسانە، کە خاوەنی کێڵگەیەکی پەلەوەرییە لەو شوێنە.
 
ئیحسان سەرەڕای کێڵگە پەلەوەرییەکەی، زۆربەی زەوییەکەشی کێڵاوە. ئەو، قسە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و باسی ئەوە دەکات چۆن ئەفسەرێک و ژمارەیەک سەرباز هاتوونەتە سەری و، پێیان گوتووە نەیەتەوە سەر زەویوزارەکەی، ئەگەرنا سزای دەدەن.
 
ئیحسان دەڵێ ئەفسەرێک "سەربازی ناردووەتە گیانمان و دەڵێ چی دەکەن لێرە؟ گوتمان لەسەر زەوی بابوباپیرمان کاری خۆمان دەکەین. ئەم زەوییانە 200 ساڵە بەدەست خۆمانەوەن، گوتی ئەم زەوییانە بەناوی وەزارەتی بەرگرییەوەن و دەبێ لەماوەی سێ رۆژدا چۆڵیبکەن".
 
بەپێی سەرچاوەیەکی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو سوپای عێراق "سوپای عێراق نیازی هەیە دەست بەسەر زیاتر لە چوار هەزار دۆنم زەویدا بگرێت، بەبیانووی ئەوەی موڵکی وەزارەتی بەرگرین".
 
خەڵکی تۆپزاوا دەڵێن لە ساڵی 1986، لە چوارچێوەی تەعریب و راگواستن، زەوییەکانیان لێ وەرگیرایەوە و کرانە نێو وەزارەتەکانی حکومەتەوە، بەڵام سەرجەم زەوییەکان لە چوارچێوەی ماددەی 140ـدان و نابێ حکومەت دەستیان بەسەردا بگرێتەوە.
 
سوپا، هەر بە زەوییەکانەوە نەوەستاوە، ماڵەکانیشی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی: ئەگەر تاپۆ و مۆڵەتی خانوویان بۆ نەهێنن، دەربەدەر دەکرێن.
 
ساتیح ناسیح، دانیشتووی تۆپزاوا لەبارەی ئەو پێشهاتەوە دەڵێ "هاتوون ئێرەیان کردووەتە ئامانج، لەبەرئەوەی خاکی کوردە و تۆپزاوایە. تاکە گوندی کوردییە لە خوارووی کەرکووک. ئامانجەکە لێی بەعەرەبکردن و راگواستنە، ئەگەر ئەمە بۆیان سەربگرێت، دەبێتە گەورەترین پرۆسەی بەعەرەبکردن لە مێژووی کەرکووکدا".
 
بریسکە ناسح، جووتیارە لە تۆپزاوا، باس لەوە دەکات "چاویان بەرایی نادا کورد لێرە بژی. ئامانجیان دەرکردنمانە لێرە؛ ئەگەر وانییە، ئەوە ئەو هەموو گوندە عەرەبی و تورکمانییە بەدەورمانەوە".
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ماوەیەکی زۆرە کار بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو زەوییانەی تۆپزاوا دەکرێ، بۆ ئەوەی بکرێتە سەربازگە و بەشێکی دیکەشی خانووی لێ دروست بکرێر بۆ سەرباز و ئەفسەرانی سوپای عێراق. ئەمەش لەکاتێکدایە لەسەردەمی بەعسیشدا ئەو ناوچەیە بەهەمان دەرد برا و ئێستاش پاشماوەی سەربازگەکان هەر ماون.