رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی لە ناوچە سنوورییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە. کەشناسێکێش دەڵێت، شەپۆلێکی سەرما تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و گەرما چەند پلەیەک دادەبەزێتە ژێر سفر.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە، رۆژی چوارشەممە 15-2-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت. لە بەرەبەیاندا ئەگەری بەفربارین لە ناوچە سنوورییەکان هەیە. بەراورد بە ئەمڕۆش پلەی گەرما کەمێک نزم دەبێتەوە."
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی شەپۆلێکی "کورت و خێرای" بەفر و باران لە ناوچە سنوورییەکان دەبێت و پلەی گەرما تاوەکو شەممە بە نزمی دەمێنێتەوە و دواتر بەرز دەبێتەوە.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی هەینی پانتایی نزمبوونی پلەی گەرما فراوان دەبێت و سەرانسەری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە ژێر پلەی سفری سیلیزییەوە. لە بەشێکی زۆری شارەکان پلەی گەرما دەگاته 4 بۆ 5 پلەی سیلیزیی ژێر سفر. ئەو کەشە تاوەکو ئێوارەی شەممە بەردەوام دەبێت."
لەبارەی پێشبینییەکانیان بۆ بارانبارین، محەممەد کەمال گوتی، بەهۆی کاریگەریی دەریای سپییەوە پێشبینی دەکرێت دوای 20ـی شوبات لە هەرێمی کوردستان باران ببارێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی پێشبینیکراو سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 10 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 9 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 10 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 10 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 10 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 6 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 14 پلەی سیلیزی
بەگوێرەی ئاماری کەشناسیی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو دوایین رۆژی بارانبارینی ئەم وەرزەی بارین کە 12ـی شوبات بوو، رێژەی بارانبارین لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:
- کۆی بارانبارینی ئەم وەرزە لە هەولێر تاوەکو ئێستا 138.2 ملیمەتر بووە؛ پار تاوەکو هەمان رێکەوت 193.2 ملیمەتر باریبوو؛ بەوەش 55 ملیمەتر کەمتر باریوە.
- کۆی بارانبارینی ئەم وەرزە لە سلێمانی تاوەکو ئێستا 337 ملیمەتر بووە؛ پار تاوەکو هەمان رێکەوت 287.6 ملیمەتر باریبوو؛ بەوەش 49.4 ملیمەتر زیاتر باریوە.
- کۆی بارانبارینی ئەم وەرزە لە دهۆک تاوەکو ئێستا 227.5 ملیمەتر بووە؛ پار تاوەکو هەمان رێکەوت 129.6 ملیمەتر باریبوو؛ بەوەش 97.9 ملیمەتر زیاتر باریوە.
- کۆی بارانبارینی ئەم وەرزە لە هەڵەبجە تاوەکو ئێستا 272 ملیمەتر بووە؛ پار تاوەکو هەمان رێکەوت 323.1 ملیمەتر باریبوو؛ بەوەش 51.1 ملیمەتر کەمتر باریوە.
- کۆی بارانبارینی ئەم وەرزە لە کەرکووک تاوەکو ئێستا 148.7 ملیمەتر بووە؛ پار تاوەکو هەمان رێکەوت 76.1 ملیمەتر باریبوو؛ بەوەش 72.6 ملیمەتر زیاتر باریوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ