رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر ئاگر لە چێشتخانە و هۆڵێکی یاریی مندالان کەوتەوە و، لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵکرا.
ئەمشەو چوارشەممە، 15-02-2023، لە تەنیشت یاریگەی فرانسۆ هەریری لەسەر شەقامی کەرکووک لە هەولێر ئاگر لە هۆڵێکی یاریی منداڵان و چێشتخانەیەک کەوتەوە کە لەنێو باڵەخانەی تابلۆ مۆڵە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگریی شارستانی چوونە شوێنی رووداوەکە، دوای هەوڵێکی زۆر، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان؛ هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا باس لە زیانی ماددی دەکرێت.
ئیبراهیم شوانی، خاوەنی چێشتخانە و هۆڵەکەیە و بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت،''ئێرە چێشتخانە و هۆڵی یاریی منداڵانە و سەرچاوەی ئاگرەکە دیارنییە، بەڵام دڵنیام شۆرتی کارەبا بووە. لە هۆڵی یاریی منداڵاندا ئیسفەنجێکی زۆری تێدایە و ئاگرەکەی زۆرتر کردووە. لە هەر چوارلاوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن."
خاوەنی چێشتخانە و هۆڵەکە رایگەیاند، هەموو کارمەندەکان تەندروستن و تاوەکو ئێستا رادەی زیانە ماددییەکان دیار نییە و رەنگە بە رادەیەکی زۆر نەبێت و ''تەنیا بەهۆی ئەو ئیسفەنجانەوە ئاگرەکە زۆر ببێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ