خوێندنی کوردی لە شنگال: دوو هێندەی قوتابخانەکانی ئێمە قوتابخانەی عەرەبی کراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال دەڵێت، بەهۆی کەمیی قوتابخانە بۆ خوێندنی کوردی، خەڵک زیاتر منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە عەرەبییەکان و حکومەتی عێراقیش هاوکارییان ناکات بۆ کردنەوەی قوتابخانەی نوێ.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال کە سەرپەرشتیی خوێندنی کوردی دەکات و سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانە، رۆژی چوارشەممە 15-2-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دوای شەڕی داعش و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە خەڵکی شنگال زیاتر منداڵەکانیان دەنێرنە خوێندنی عەرەبی؛ یەکێکیش لە هۆکارەکان کەمیی قوتابخانەی کوردییە."
لە شنگال 58 قوتابخانەی کوردی هەن. مەیسەر حەجی دەڵێت، ژمارەی قوتابخانە عەرەبییەکان زیاترە لە 100 قوتابخانە. گوتیشی: "حکومەتی عێراق هاوکاریمان ناکات بۆ کردنەوەی قوتابخانەی کوردی. ئەوەی هەیە و دەیکەن بۆ خوێندنی عەرەبییە. ئێمەش دەستمان بە هەموو ناوچەکانی شنگال ناگات، چونکە روونە کە بەدەست حەشدی شەعبییەوەیە و بەشێکیشی لایەنەکانی سەر بە پەکەکە بەڕێوەی دەبەن."
بۆ خوێندن بە زمانی کوردی لە شنگال 330 مامۆستا و فەرمانبەر هەن کە دامەزراون، هەروەها 622 مامۆستای وانەبێژ وانە بە نزیکەی 12 هەزار قوتابیی کوردانی ئێزدی دەڵێنەوە.
لە شنگال قوتابییان بە سێ جۆر دەخوێنن و لەلایەن سێ لایەنەوە سەرپەرشتی دەکرێن. پەروەردی شنگال- کوردی سەر بە پارێزگای دهۆکە لە هەرێمی کوردستان؛ پەروەردەی عەرەبیی شنگال هەیە و بە زمانی عەرەبی دەخوێنن و سەر بە حکومەتی عێراقە؛ هەروەها چەند قوتابخانەیەک لەلایەن خۆسەریی شنگالەوە سەرپەرشتی دەکرێن و بە کوردی بە پیتی لاتینی وانەکانیان دەخوێنن.
رۆژی 30-10-2022، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێکی لەبارەی دۆخی پەروەردە لە شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ''ململانێ لە شنگال زۆر بە خراپی کاریگەری لەسەر کەرتی پەروەردە لە شنگال کردووە و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی زۆر لەسەرخۆ دەڕوات."