بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان دەنگۆی فرۆشتنی کەنیسەیەک رەتدەکاتەوە

15-02-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی رەتیدەکاتەوە زەویی کەنیسەی رۆژهەڵاتیی ئاشووری لە هەولێر فرۆشرابێت یان زەوییەکەی بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان بەکاربهێنرێت، دەشڵێت: "دوای راوەستانی کارەکانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، ئێستا کەنیسەکە کە بارەگای کورسیی رەسوولیی کەنیسەی رۆژهەڵاتی دەبێت، لەلایەن بارەگای بارزانییەوە تەواو دەکرێت". 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی شوباتی 2022، خالید جەمال ئەلبێرت، بەڕێوبەری گشتیی کاروباری کریستیانەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی زەویی کەنیسەی رۆژهەڵاتیی ئاشووری دەکەن راست نییە، بەڵکو ئەو کەنیسەیە کە دوای دەیان ساڵ لە مانەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە گەڕایەوە بۆ هەولێر ماوەیەکە دەستکراوە بەکارکردن تێیدا، دوای ئەوەی چەند ساڵێک بوو کارکردن تێیدا راگیرابوو، ئێستا بەشێک لە کاشی و مەڕمەڕەکانی بەهۆی کۆن بوون و گۆڕینی بەشێک لە دیزاینی دەرەوەی لێدەکرێتەوە، بۆ ئەوەی نۆژەنبکرێتەوە".
 
باسی لەوەشکرد لەسەر ئەرکی بارەگای سەرۆک مەسعود بارزانی، کەنیسەی رۆژهەڵاتیی ئاشووری کە بارەگای کورسیی پاتریارکی دەبێت تەواو دەکرێت و بڕیارە بۆ ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت.
 
باڵەخانەی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لەسەر زەوییەکی فراوان لە هەولێر دروستکراوە، دەکەوێتە سەر شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر و بەرامبەریشی مزگەوتێکی موسڵمانانە.
 
رۆژی 17ی ئەیلوولی 2006 لەسەر بانگهێشتی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، مار دەنخای چوارەم پەتریاریکی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ گەڕانەوەی کورسیی رۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ هەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی زەوییەکی کرد، زەوییەکەی بۆ دابین کرا. دواتر حکومەت ئەرکی دروستکردنەکەشی گرتەئەستۆ. لە5ی تشرینی دووەمی 2008 بەردی بناخەی کەنیسەی پەتریاریکی رۆژهەڵاتی ئاشووری دانرا، بەڵام دواتر بەهۆکاری قەیرانی دارایی و کۆمەڵێک شتی دیکە کارەکانی بەخاوی رۆیشتن بەڕێوە.
 
خالید جەمال ئەلبێرت، لەبارەی راگرتنی کارەکانی کەنیسەکە گوتی: "دوای ئەوەی مار گۆرگیس لەشوێنی مار دەنخا بووە پەتریاکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری دیسانەوە داواکرایەوە کە ئەو کەنیسەیە تەواو بکرێت، چونکە ناکرێت کورسیی رەسوولی شوێنێکی تایبەت بەخۆی نەبێت، چونکە ئەوە لە ئەمریکاوە هاتووەتەوە بۆ هەولێر، دواتر پەتریاک، کە بەهۆی نەخۆشییەوە دەستیلەکارکێشانەوە، مار ئاوا رویڵ بوو بە پەتریارک و ساڵی رابردوو سەردانی هەریەک لە کاک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کردبوو و داوای کردبوو ئەو کەنیسەیە و بارەگای کورسیی رەسوولی نۆژەنبکرێتەوە و تەواوبکرێت، ئیدی ئەوە بوو بارەگای بارزانی ئەرکی تێچووەکەی لە ئەستۆگرت".
 
کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووریی کەنیسەیەکی کریستیانی رۆژهەڵاتییە و لەعێراق جێگیر بووە، بە کاریگەریی رووداوەکانی ساڵی 1933ی شارۆچکەی سێمێل لەدهۆک و هێرشکردنە سەر کریستیانەکان کوشتنی سەدان کەس لەو کوشتارگەیە و وێرانکردنی شوێنی کریستیاانەکان، بارەگای پەتریارک و کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری برایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و 27ی ئەیلوولی 2015 گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەشارۆچکەی عینکاوا لە هەولێر دانرایەوە. 
 
رۆژی 8ی ئەیلوولی 2021 بەئامادەبوونی سەرجەم ئەبرەشییەکانی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشووری لەهەموو جیهاندا لە بارەگای کورسیی پەتریاکی لە شارۆچکەی عینکاوا لە کەنیسەی ماریوخەنا مەعمەدان، ئەسقف مار ئاوا رویڵ بەپەتریاریک هەڵبژێردرا، دوای دەستلەکارکێشانەوەی پەتریاریک مار گۆرگیسی سڵێوە بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە.
 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە

پارێزگاری هەڵەبجە: لەم هەفتەیەوە هاتووچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێل لە دەروازەی شوشمێ دەستپێدەکات

پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، یاداشتێکیان داوەتە سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. دەشڵێت، "ئەم هەفتەیە هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران لە دەروازەی شووشمێ دەستپێدەکات". لەبارەی دەروازەی سازانیشەوە ئازاد تۆفیق گوتی، کردنەوەی بازاڕەکەی هەموو رەزامەندییەکی تەواوبووە و تەنیا رەزامەندیی پارێزگای کرماشانی ماوە.