رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 340 هەزار کارتی پلاستیکیی ڤاکسینیان داوە بەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، دەشڵێت "بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو کەسانەی پێویستییانە دەتوانن بە کارتی نیشتمانی یان رەگەزنامەی باری شارستانی یان کارتی زانیاری داواکاری بۆ وەرگرتنی کارتی پلاستیکی پێشکێش بکەن."
ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی شوباتی 2022، حەربی کەتۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 340 هەزار کارتی پلاستیکیی ڤاکسینیان داوەتە ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە و دەڵێت، "کارئاسانیی زیاترمان بۆ وەرگرتنی کارتەکە بۆ خەڵک کردووە."
پێشتر دەرهێنانی کارتی پلاستیکیی وەرگرتنی ڤاکسین تەنیا بە پاسپۆرت دەکرا و کارتی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنای پێویست بوو، بەڵام ئێستا تەنیا ئەو کەسانەی بۆ مەبەستی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات ئەوەیان پێویستە، ئەگەر کەسانێک بۆ کاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق پێویستیان بە دەرهێنانی ئەو کارتە هەبێت، "ئەوا دەتوانن لەگەڵ کارتی وەرگرتنی ڤاکسین کارتی نیشتمانی یان رەگەزنامەی باری شارستانی یان کارتی زانیاری داواکاریی پێشکێش بکەن و بۆیان دەکرێت."
حەربی کەتۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکراشیکرد کە دەستخستن و دەرهێنانی کارتی پلاستیکی ڤاکسین ماوەیەکی زۆر کەمی دەوێت و ئاسانکارییان کردووە، گوتی "ئێستا لەماوەی کەمتر لە 48 کاژێر دوای پێشکێشکردنی بەڵگەنامەکان بۆ شوێنی وەرگرتنی ڤاکسین، کەسەکە کارتەکە وەردەگرێت، زۆر کەسیش هەن کە کاریان پەلەیە بەمەبەستی گەشتکردن یان کاری دیکە ئەوا دەتوانن لەهەمان رۆژدا کارتەکە وەربگرنەوە."
سەبارەت بە چۆنێتیی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی کارتی پلاستیکیی ڤاکسینی کۆرۆنا لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، حەربی کەتۆ بەڕێوەبەری بەشی ئایتی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان گوتی، "حەوت بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە کە 225 بنکە وەرگرتنی ڤاکسینیان هەیە، ئەو کەسەی کە ڤاکسینی وەرگرتبێت لە هەر شار یان شوێنێک ڤاکسینەکەی وەگرتووە دەتوانێت بچێتە ئەو شارە و لە هەر بنکەیەک بێت کارتی ڤاکسینەکەی پاسپۆرت یان کارتی نیشتمانی یان کارتی زانیاری یان رەگەزنامەی باری شارستانی لەگەڵ خۆیدا ببات، لە ماوەیەکی کەمدا پێی دەدرێت."
"لەبەرئەوەی لە هەندێک شوێندا ساختەکاریی لە کارتی وەرگرتنی ڤاکسیندا هەبوو،" بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، ئێستا نووسراویان بۆ کۆنسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانی و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و پێیان راگەیاندوون کە بۆ گەشتکردن و پرسی وەرگرتنی ڤیزا و ئەوانە پێویستە تەنیا کار بە کارتی پلاستیکی بکرێت، چونکە ساختەکاری و دەستکاری ناکرێت و ژمارەی تایبەتی هەیە.
حەربی کەتۆ گوتیشی کە "ئێستا لەسەر کارتی پلاستیکی وەرگرتنی ژەمی سێیەمیش دەنووسرێت و تاوەکو ئێستا 20 هەزار کەس ژەمی سێیەمیان وەرگرتووە و کارتیان بۆ کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ