دژەتیرۆر: ئەو ئۆتۆمبێلە دۆزرایەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی هەولێر کردبوو
رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەزگە ئەمنییەکان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی هەولێر کردبوو. دەشڵێن، زانیاریی زیاتر ئاشکرا دەکەن.
شەوی دووشەممە 15-2-2021، چەند مووشەکێک ئاراستەی شاری هەولێر و دەوروبەری کران، بەپێی زانیارییە فەرمییەکان سێ کەسی مەدەنی برینداربوون لەگەڵ پێنج بەڵێندەر لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان. هاوکات بەڵێندەرێک لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کوژراوە و سەربازێکی ئەمریکی برینداربووە.
دژەتیرۆر پێشتر ئاماژەی بەوەشکردبوو، دوو مووشەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتوونەتەخوارەوە و مووشەکێکیش بەسەر فڕۆکەخانەدا تێپەڕیوە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی داوای لە هاونیشتمانییانی کوردستان کرد کە "ئارام بن و هێزه ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان دهست پێكردووه."
مەسرور بارزانی گوتیشی: "لهگهڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا له پهیوهندیدام بۆ هاوئاهەنگیی پێویست بۆ دۆزینهوهی ئهنجامدهرانی ئهم كردهوه تیرۆریستییه."
هەروەها مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی ئەو لایەنە بناسرێتەوە کە لە پشتی هێرشە مووشەکییەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بووە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هێزەکانیان لە هەولێر، "کەسێکی مەدەنی کە بەڵێندەربووە لەگەڵ هێزەکانیان کوژراوە و پێنج بەڵێندەری دیکە بریندار بوون. هاوکات سەربازێکی ئەمریکییش بریندار بووە."
دژەتیرۆری #کوردستان: هێزە ئەمنییەکان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی #هەولێر کردبوو
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 15, 2021
وێنە: دژەتیرۆری کوردستان pic.twitter.com/J42wzyB8YP