یەکێک لە مووشەکەکان لە گەڕەکی وەزیرانی هەولێر کەوتبووە خوارەوە و بەر دوو ئۆتۆمبێل کەوتووە. ئەو مووشەکە لە شوێنێکی قەرەباڵخی هەولێر و شوێنی نیشتەجێبوون کەوتەخوارەوە. مووشەکێکی دیکەش لە گەڕەکی نازناز کەوتەخوارەوە کە بەر خانووی ماڵێک کەوت.
دانیشتووانی ئەو ماڵەی کە مووشەکەکەی بەرکەوتبوو، عەرەب بوون، بەڵام لە ماڵ نەبوون و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتبووەوە جگە لە زیانی ماددی.
یەکێک لە پاسەوانەکانی کۆنسوڵخانەی میسر کاتێک بە پایسکیل بەو شوێنەدا تێپەڕبووە کە مووشەکەکەی گەڕەکی وەزیرانی لێکەوتووەتەوە، پارچەی مووشەکەکەی بەرکەوتووە و برینداربووە.
لە شووقەکانی زەکەریاش مووشەکێک کەوتەخوارەوە. بە گشتی لەنێو هەولێر چوار مووشەک کەوتنەخوارەوە کە رووبەری ناوچەکەی مووشەکەکانی لێ کەوتبوون، نزیکەی سێ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبوو.
هاوکات مووشەکەکان دووانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتوونەتەخوارەوە، سێ مووشەکیش لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر و لە نزیک کانی قرژاڵە لە سنووری شارۆچکەی رزگاری کەوتوونەتە خوارەوە کە یەکێکیان لەنێو بارەگای لیوای دووی کۆماندۆی زیرەڤانی بوو، بەڵام نەتەقیبووەوە.
پۆلیس: هەولێر بە ئارامی دەمێنێتەوە
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت، "ئەوانەی مووشەکەکانیان ئاراستە کردووە چاویان بە ئارامیی هەولێر هەڵنایەت. هێزەکانی پۆلیسیش لەگەڵ تەواوی هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەولێر لێکۆڵینەوە دەکەن و وایان کردووە، شار ئارام بێت".
سەربازێکی ئەمریکی برینداربووە
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سێ کەس لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکانیش "پاسەوانی یەکێک لە کۆنسوڵخانەکانە". بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، پاسەوانی کۆنسوڵخانەی میسر بووە.
وەین مەراتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هێزەکانیان لە هەولێر، "کەسێکی مەدەنی کە بەڵێندەربووە لەگەڵ هێزەکانیان کوژراوە و پێنج بەڵێندەری دیکە برینداربوون. هاوکات سەربازێکی ئەمریکیش برینداربووە".
بەرپرسی میحوەری کەرکووکی پێشمەرگە: مووشەکەکانمان بینیوە و لە دوبزەوە ئاراستەی هەولێر کراون
نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە لە پردێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مووشەکەکانیان بینیون لە ناوچەی دوبزەوە ئاراستەی هەولێر کراون.
نووری حمەعەلی، بەرپرسی میحوەری کەرکووکی هێزی پێشمەرگە لە پردێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مووشەکەکان لە ناوچەی دوبزەوە ئاراستەی هەولێر کراون، ئەو شوێنەی کە مووشەکانی ئاراستە کراون، هێزەکانی عەسائیب ئەهلحەق و حزبوڵڵای عێراقی و حەشدی شەعبیان لێیە.
نووری حمەعەلی ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە خۆمان مووشەکەکانمان بینی کە ئاراستەی هەولێر کراون". هاوکات گوتیشی، چەند رۆژێکە هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی هاتوونە ئەو ناوچەی کە مووشەکانی تێدا ئاراستەکراوە.
هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی قەیباشی کە ئێستا لە پردێ نیشتەجێییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ یەکشەممە کاژێر 11:45 خولەکی نیوەڕۆ سێ ئۆتۆمبێڵی حەشدی شەعبی هاتنە ناوچەی قەدەخەکراوی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لە نزیک گوندی پەلکانە و گوندی قەیباشی، لەوبارەوە هەواڵگری پێشمەرگەی ئاگادارکردووەتەوە، دواتر ئەو تۆمبێلانە ناوچەکەیان بەجێهشتووە، "ئەمڕۆش بەهەمان شێوە ئەو ئۆتۆمبێلانە هاتنە ناوچەکە، بۆیە گومان دەکرێت ئەمانە مووشەکەکانیان ئاراستە کردبێت". تاوەکو ئێستا رووداو نەیتوانیوە ئەو زانیارییانە لە لایەنی فەرمییەوە پشتڕاستبکاتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ: لێکۆڵینەوە دەکەین
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەدوای هێرشەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەداواچوون و لێکۆڵینەوەی ورد لە لایەن دامودەزگە ئەمنییەکانەوە دەستی پێکردووە، "داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی شاری هەولێر دەکەین، لەو شوێنانە دووربکەنەوە و لە ماڵەکانیان بمێننەوە".
کاردانەوەی هێرشە مووشەکییەکە:
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراێکدا "بە تووندی سهركۆنهی هێرشە موشەکییەکەی کرد و گوتی، "لهگهڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا له پهیوهندیدام بۆ هاوئاهەنگیی پێویست بۆ دۆزینهوهی ئهنجامدهرانی ئهم كردهوه تیرۆریستییه."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە هێزه ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردیان دهست پێكردووه و داوایشی لە هاونیشتمانیان کرد "ئارام بن".
هاوکات مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە لایەنە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی ئەو لایەنە بناسرێتەوە کە لە پشتی هێرشە مووشەکییەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، بەئامانجگرتنی هەولێر کە قوربانیی لێکەوتەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تاوانێکی تیرۆریستییە. بەرهەم ساڵح لە تویتەری خۆی پەیامەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو هێرشە هەوڵە نیشتمانییەکانی پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەلامەتیی هاونیشتمانییان دەکاتە ئامانج.
هاوکات لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تویتێکدا هێرشەکانی سەر هەولێری سەرکۆنە کرد و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین ژیانی هاووڵاتیانمان بخرێتە مەترسییەوە".
بافڵ تاڵەبانیش، هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "ئیدانەی ھەر پیلانێک دەکەین کە مەرامی تێکدانی ئارامیی ھەرێمی کوردستانی لەپشتەوە بێت و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر گرووپ و تاقمێک کە ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە. بە هیچ شێوەیەکیش رێگەنادەین ئاسایش و ئارامی کۆمەڵانی خەڵک تێکبدرێت."
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لای خۆمانەوە، پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاونیشتمانیانی هەولێری پایتەخت وەک کاری لەپێشینەی سیاسی سەیر دەکەین و بە تووندی سەرکۆنەی هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین".
ئەمریکا: ئاگاداری هێرشەکەین
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری هەواڵی تەقینەوەین لە باکووری عێراق و بە دواداچوونی بۆ دەکەین".
ئەو ئۆتۆمبێلە دۆزرایەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی هەولێر کردبوو
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەزگە ئەمنییەکان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزیوەتەوە کە مووشەکەکانی ئاراستەی هەولێر کردبوو. دەشڵێن، زانیاریی زیاتر ئاشکرا دەکەن.