دژەتیرۆر: دوو مووشەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتنەخوارەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دژەتیرۆری کوردستان رایدەگەیێنێت، بەپێی زانیارییەکانیان دوو مووشەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتوونەتەخوارەوە و مووشەکێکیش بەسەر فڕۆکەخانەدا تێپەڕیوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، هەشت مووشەک ئاراستەی هەولێر کراون و یەکێک لە مووشەکەکان لە ناوچەی قەرەباڵخ و نیشتەجێبوون کەوتووەتە خوارەوە کە بەر دیواری سەربانی ماڵێک کەوتووە. 
 
رەنجە جەمال پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، جگە لەو مووشەکانەی لەنێو شاری هەولێر کەوتوونەتە خوارەوە، چەند مووشەکێک لەنێو زۆنی فڕۆکەخانەی هەولێر بەر زەوی کەوتوون کە دووانیان لەنێو فڕۆکەخانەی هەولێرن. چەند مووشکێکیش لەنزیک شارۆچکەی کانی قرژاڵە و مووشەکێکیش لە نزیک مەیدانی ئاژەڵان کەوتووەتە خوارەوە.
 
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە مەیدانی ئاژەڵان لە هەولێر قسەی لەگەڵ چەند خاوەن ئاژەڵێک و کرێکارێک کرد، ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد، گوێیان لە دەنگی سێ تەقینەوە بووە و یەکێکیان "زۆر بەهێز بووە".

کرێکارێک ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە مووشەکەکان دوو کەسی بریندارکردووە کە "هاوڕێی منن، یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و یەکێکیشیان خەڵکی موسڵە". 
 

 
بەرپرسێکی باڵای ئاسایش کە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە "زانیاریی دروستیان هەیە لە نزیک دوبزەوە حەشدی شەعبی مووشەکەکانیان ئاراستە کردووە".