ژمارەیەک مووشەک لە سنووری هەولێر کەوتنەخوارەوە

15-02-2021
بڕوا کیانی @brwakyani
نیشانەکردن مووشەکبارانی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شەوی دووشەممە چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەولێر کەوتنەخوارەوە. یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتری کەوتووەتەخوارەوە. بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێریش دەڵێت، سێ کەس برینداربوون.

 

سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، مووشەکەکان لە ناوچەی قەرەباڵخ و نیشتەجێبوون کەوتوونەتە خوارەوە و یەکێک لە مووشەکەکان بەر دیواری سەربانی ماڵێک کەوتووە. 
 
بەرپرسێکی باڵای ئاسایش کە قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە "زانیاریی دروستیان هەیە لە نزیک دوبزەوە حەشدی شەعبی مووشەکەکانیان ئاراستە کردووە". 
 
هێرشی سەر هەولێر؛ بەڵێندەرێک کوژرا و نۆ کەس برینداربوون کە یەکێکیان سەربازی ئەمریکییە
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو تاوەکو ئێستا زانراوە کە هەشت مووشەک ئاراستەی هەولێر کراون. مووشەکێکیش لە گەڕەکی بەختیاری بەر دوو ئۆتۆمبێل کەوتووە و زیانیان پێگەیشتووە.
 
 
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە مەیدانی ئاژەڵان لە هەولێر قسەی لەگەڵ چەند خاوەن ئاژەڵێک و کرێکارێک کرد، ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد، گوێیان لە دەنگی سێ تەقینەوە بووە و یەکێکیان "زۆر بەهێز بووە".

کرێکارێک ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە مووشەکەکان دوو کەسی بریندارکردووە کە "هاوڕێی منن، یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و یەکێکیشیان خەڵکی موسڵە". 

 

 
بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر. وەزیری تەندروستی و جێگری پارێزگاری هەولێر سەردانی بریندارەکانیان کرد. 

د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر بە رووداوی گوت، سێ کەس بریندارن کە یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سەختە و "لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە". 
 
 
 
بەگوتەی چەند شایەتحاڵێک لە نزیک رووداوەکە کە قسەیان بۆ رووداو کردووە، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە.

 

هاونیشتمانییەک کە ماڵیان لە گەڕەکی ناز نازە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارەبای نیشتمانیی بڕاوە و کارەبای موەلیدە هەیە. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

عێراق فڕۆکەخانەی هەولێر دەپشکنێت

دەسەڵاتیی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، بەشێوەیەکی مەیدانی پشکنین و وردبینی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرد.