رۆژ نووری شاوەیس بۆ رووداو: رێکنەکەوین کارتی گوشارمان بەرامبەر بەغدا هەیە
رووداو: ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆکایەتی شاندێکتان کرد بۆ بەغدا، ئامانجی ئەو سەردانەتان چی بوو؟ ئەو پرسانەی ئێوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق باستانکرد چی بوو؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: سەرکردایەتی پارتی ئەوەی بە پێویست زانی کە شاندێک بچێت بۆ بەغدا و رێک بەناوی پارتییەوە قسە بکات، وەک نەریتێک عادەتمان نەبووە شاندمان بچێت پارتی بە تەنیا بێت، هەمیشە هەوڵمانداوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیێتی کوردستانی بێت یان ئەو حیزبانەی بەشدارن لە حکومەت.
لە راستیدا ئەمجارە بەهۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە و هەبوونی مەترسی لەسەر دۆخی کوردستان بە شێوەیەکی تایبەتی و عێراق بە شێوەیەکی گشتی، وایلێکردین کە بە تەنیا بچینە بەغدا. مەبەستیش لە تەنیاکە چییە؟ جیاوازییەکەی چییە ئەگەر لەگەڵ حیزبی دیکە بچین یان خۆمان بچین؟ جیاوازییەکەی تەنیا ئەوەیە، ئەگەر کۆمەڵێک حیزب بچین دەبێت تەوافوق هەبێت لەسەر هەر بابەتێک کە باسی دەکەین، ئەمەش سنوورێک دادەنێت لەسەر ئەوەی نەهێڵێت رای روون و راشکاوی خۆت پیشان بدەیت، یان بەشێکی پیشان بدەیت، چونکە بڕیاریش ئەوەبوو بە راشکاوی قسە لەگەڵ بەغدا بکرێت بەبێ هیچ پەردەیەک. ئەمە یەکێک لە هۆکارەکان بوو کە ئەم جۆرە شاندانە ئەگەری هەیە تۆزێک لە پرسی راشکاوی جیا دەکاتەوە، مومکینیشە ئەوکاتە قسەی لابەلاشی تێبکەوێت. ئەمە یەکێکیان.
هۆکارێکی دیکەیان ئەوەبوو کە هەموو جارێک بەو شاندە دەچووین، ئەگەر سەرکەوتن هەبووایە، ئەوە شاراوە نییە هی هەموو لایەک بوو، ئەگەر شاندەکە سەرکەوتوو نەبووایە ئەوە بەرپرسیاریێتییەکە هەمووی لەسەر شانی پارتی دەبوو، بۆیە گوتمان ئەمجارە خۆمان بەتەنیا بچین، مەبەستمان ئەوەیە بە راشکاوی قسە بکەین و تێیان بگەیێنین ئیشەکە لەگەڵ ئێمە چۆن دەکرێت؟ پێویستە شاندەکەمان شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت. ئەمەش بە مانای ئەوە نییە کە ئێمە ئامادە نین لەگەڵ شاندێکی گەورەتر، بەشێوەیەکی دیکە لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستاندا بە یەکەوە لە هەر کاتێکدابێت بچینە بەغدا یان ئەگەر پێویستی کرد.
ئێمە کە چووینە ئەوێ بڕیارماندابوو چی بڵێین، بڕیارەکانیش بەو شێوەیە بوو کە تێیان بگەیێنین ئێمە نەک هەست بەچی دەکەین، چی لە ئارادا هەیە ئەوەی ئێمە پێی دەزانین، هەڵوێستی خۆشمان پیشان بدەین لە حاڵەتێکی وادا، کە ئەمجۆرە سیاسەتە و ئەو جۆرە بۆچوونە و ئەو دۆخە ئەگەر هەوڵی چارەسەری نەدرێت، ئەوا ئێمە مومکینە بە جۆرێکی دیکە قسەی تێدا بکەین.
ئامانجی دووەمیشمان بۆ پاڵپشتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوبوو کە هانیان بدەین و داوایان لێبکەین ئەو رێککەوتنەی حکومەتی هەرێم کردوویەتی لەگەڵ بەغدا، هەرچەند لەوانەیە بەدڵمان نەبێت، هۆکارەکانیشی دیارن، جارێ هەر دەستووری نییە، ئێمە بە دەستووری نازانین، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە دەبێت کە ئەگەر ئەم رێککەوتنە تێپەڕێن کە ماوەیەکە حکومەتی هەرێم خەریکیەتی، ئەگەر بیڕوێنن ئەمە نیشانەیەک بە ئێمە دەدات کە ئێوە هەوڵ دەدەن کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەمە ئەوە رادەگەیێنێت و ئەوە زیاتر لای ئێمە دەچەسپێنێت کە ناتانەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکەن، بەڵکو لە داهاتوودا قووڵتریشی دەکەنەوە. ئامانجی سەرەکیمان گەیاندنی ئەو دوو پەیامە بووە.
کە چووینە بەغدا لایەنێکی زۆرمان بینی، لەسەر بانگهێشتی مستەفا کازمی، سەرۆکی حکومەت چووین، لە راستیدا بڕیاربوو لەوێ ئەو هەڤاڵانەی پارتین و لەوێ کاردەکەن ئەوانەی بەرپرسن بەشداربن لەگەڵ شاندەکە.
کە چووینە ئەوێ یەکەم رۆژ کاژێر 11:30 بۆ 12:00 گەیشتین کازمیمان بینی، نزیکەی کاژێرێک و نیو بۆ 2 کاژێر لەگەڵی دانیشتین، یەکەم شت پێمانگوت ئێمە هاتووین بە راشکاوی قسە بکەین بەبێ پێچ و پەنا، بەبێ موجامەلەش، ئێمە پشتگیری تۆمان کرد بۆ ئەوەی ئەو پێگەیە وەربگری بەو هیوایەی تۆ رۆڵێکی ئیجابی ترت هەبێت لەوانەی پێش خۆت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمەش سەنگی مەحەکە بەلای ئێمەوە.
دووەم؛ ئێمە لە دوو شت تێرمان خواردووە، هەموو جارێک کە هاتووینەتە بەغدا گوێمان لە قسەی خۆش بووە، موجامەلە و قسەی خۆش و دەعوەت و پێکەنین بە رووی یەکدی. مەسەلەی دووەمیشیان ئەو رێککەوتنانەی کە دەیکەین و واژۆی دەکەین جێبەجێ ناکرێن، یان بە شێوێندراوی جێبەجێ دەکرێن، تەنانەت باسی ئەوەشمکرد و گوتم ئەو هەڤاڵەم کاکە هۆشیار لەوانە رەنگە 20 رێککەوتنی لەگەڵتان واژۆ کردبێت، بەڵام هیچی جێبەجێ نەکراوە و هیچمان نەدیوە. ئەمە جگە لە مەسەلەی دەستوور، لادانێکی ئەوتۆ هەیە لە دەستووردا کە هیوابەخش نییە، هیوای میللەتی ئێمەی بڕیوە، ئەگەر خەڵکێکی شارەزا بەوردی سەیری بکات ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێش کرابێت، ئەو ماددانە جێبەجێ کراون کە لە بەرژەوەندی لایەنێک بووە، ئەو لایەنەش لایەنە حیزبیە دینییەکانی شیعە بووە، چیان بەدڵ بووە بە ئارەزووی خۆیان هەڵیان بژاردووە، ئەوانەیان جێبەجێکردووە بەو شێوەیەی کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا دابین بکەن.
مەسەلەی دیکە زۆر گرنگ، کە رەنگە بۆ هەموو عێراقیش باش بێت، بۆ پارێزگاکان و هەرێمی کوردستانیش باش بێت، شتی زۆر گرنگ جێبەجێ نەکراوە و تەنانەت پشتگوێش خراون.
یەکێک لەوانە یاسای نەوت و دابەشکردنی داهاتەکانی، کە دوو یاسا بوو، کارێکی زۆرمان لەسەر کرد، نزیک بووینەوە لە رێککەوتن، رەوانەی پەرلەمانیش کرا، بەڵام لە پەرلەمان خەواندیان و هەر باسیشیان نەکرد. ئەمە بابەتێکی گرنگە بەو پێیەی ئەگەر بتەوێت کێشەی نەوت چارەسەر بکەی، دەبێت بە رۆحی دەستوور چارەسەری بکەی، بۆیە پێش هەموو شتێک دەبێت یاسایەکی نەوتیت هەبێت و بگونجێت لەگەڵ روحیەتی دەستوور، نەک لەگەڵت رەق بێت و بەرژەوەندی یەک لایەنی تێدابێت، بەڵکو دەبێت بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی تێدابێت. میکانیزمی چۆنیەتی دەرهێنانی نەوت، فرۆشتنی نەوت جەوهەری دەستوورەکە نییە، جەوهەری دەستوورەکە ئەوەیە بەروبوومی نەوتەکە بگات بە هەموو میللەتی عێراق، ئەمەش بە ئاشکرا لە دەستوور نووسراوە کە هەرکەسێک بەپێی نفوسی خۆی و هەندێک سیستەم پشکێکی دەبێت لە داهاتی عێراق لە چۆنیەتی و چۆن کردنی نەوتەکە، بێگومان ئەگەر لەسەر ئەمە رێکبکەوی، بەوەی یاسایەکت هەیە بەپێی دەستوور بەرژەوەندی عێراق دەپارێزێت، دەرگای زیاتر دەکاتەوە بۆ پیشەسازی نەوت لە عێراقدا و هەموو عێراق قازانج دەکات، هەرێمەکانیش سوودی لێدەبینن.
باسی ئەوەشمانکرد، تاوەکو ئێستا کەی بووە لە دونیا وڵاتێکی فیدراڵی هەبێت یەک هەرێم و لایەنێکی دیکەی تێدابێت، هاوکات باسی پرسی ناوچە دابڕاوەکانمان کرد، بڕگەیەکی روون و ئاشکرا هەیە کە چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکرێت، ئایا لەوبارەیەوە چیتان کردووە؟ لە بری ئەوەی چارەسەری بکەن هاتوون پەلامارتان داوەو و ئەو شوێنانەتان بەهێز گرتووە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە باسی لێوەکرا، لە هەموو دونیا یەک ئەنجوومەن نییە، دوو ئەنجوومەنیان هەیە، ئێمە لە دەستووردا نووسیومانەو رێککەوتنمان لەسەری کردووەو هەموو لایەکیشمان لەسەری رازی بووینە، تەنانەت سیستانیش موبارەکەی کردووە، لەبیرمە یەکەمجار کە چووینە بەغدا لەگەڵ بەڕێز کاکە مەسعود سەرێکمان لە سیستانی دا، ئەو زۆر بە رێکوپێکی گوتی دەبێت دەستوورێک بنووسرێتەوە ئەو دەستوورە عێراقییەکان بینووسنەوە، عێراقی هەڵبژێردراو بن، ئەو دەستوورە بۆ هەموو عێراقییەکانە بۆ یەک لایەن نییە. بەڵام ئێوە هاتوون ئە بابەتی کە پەیوەندی بە ئەنجوومەنی هەرێمەکانەوە هەیە، هەر گوێشتان پێنەداوە، چەند داواشمان کردووە پێی رازی نەبوونە، ئێمەش دەزانین هۆکارەکەی چییە، هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو ئەنجوومەنە "ئەنجوومەنی فیدراڵی" فیلتەرێکە بۆ ئەو یاسایانەی کە دەردەچن، کە پێویست بە رەزامەندی ئەو ئەنجوومەنە دەکات، رۆڵی هەیە لە راوەستاندنی تەواوەتی یان رەتکردنەوەی، فیلتەرێکە بۆ ئەو هەرێمانە کە خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی شتێک دژی ئەوان نەکرێت. هەموو ئەمانە بخە ئەولاوە ئێمە لەسەر بنچینەی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگی نیشتمانی رێککەوتووین بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە دروست بکەینەوە، وەکو پارتی لەو بڕوایەشداین ئەم وڵاتە تاوەکو سەر بەیەک لایەن حکوم ناکرێت، ئەنجامەکەی هەر خراپ دەبێت، دەبێت هەرسێ لایەنەکە بەیەکەوە کار بکەن چونکە چارەسەری ئەو فیدراڵیەمان هەڵبژاردووە، بەڵام ئەمەتان پشتگوێ خستووە، ئەمەش ئەو هەستەی لای ئێمە دروستکردووە کە سیاسەتێکی رێکخراو هەیە بەرەو مەرکەزیکردنی حکومی عێراق، بە مەرکەزیکردنی لەلایەن حیزبە دینییە شیعییەکانەوە، هەموو دەسەڵات بگرنە دەستیان، ئەوەی دیکەیان چی دەبێت با ببێت. بە بڕوای ئێمە ئەگەر ئەو ئاراستەیە سەربگرێت، تەنانەت ئەگەر نیەتەکەش باش بێت کە ئێمە پێمانوانییە نییەتەکە باش بێت، ئەگەر نیەتیش باش بێت، ئەوا ئەو ئاراستەیە بەرەو سیستەمێکی دیکتاتۆریمان دەبات، بەرەو ئەنجامێکی خراپ، خراپتریش لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکانی جاران، کە سەدام خراپترینیان بوو، گوتمان ئێمە ئاراستەیە لای ئێمە دیارە.
ئەمە جیا لەوەی ئەمانە هەموو پەیوەستن بە عێراق بەشێوەیەکی گشتی، ئەگەر بێینەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو هەستەمان لەلا دروستبووە، ئەو تێگەیشتنەش لێی تێگەیشتووین، بە شارەزایی خۆشمان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مێژوومان و بەم چەند ساڵەی لەگەڵ ئێوە کار دەکەین. ئێمە لەکاتی ئۆپۆزیسیۆن بە یەکەوە کارمان کردووە یارمەتیمان داون، دوای ئۆپۆزیسیۆن یارمەتیمان داون، بەڵام سەیر دەکەین سیاسەت لە عێراقدا، ئەو سیاسەتەی لەلایەن حیزبە ئایینییە شیعییەکانەوە پەیڕەو دەکرێت، ئەمە سیاسەتێکی رێکخراوە بە شێوەیەکی پلەبەندی هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان نەمێنێت، یان بچێتە پێگەی جارانی وەکو چۆن لەسەردەمی سەدام ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و یاسادانان هەبوو بەڵام دەسەڵاتی هیچ شتێکیان نەبوو.
یەکێک لە نموونە هەرە گەورەکان ئەوەیە، ئێوە هاتوون هەموو ماف و مێژوو و نەریتی ئەو میللەتە کە خەباتی لە 100 ساڵ کەمتر نییە، ئەوەی پەیوەندی بە حیزبی ئێمە ئەو کەسایەتیانەوە هەیە کە سەرکردایەتی حیزبی ئێمە دەکەن، ئەو مێژووە لە 100 ساڵ کەمتر نییە، هەموو ئەوانەتان بەلاوە ناوەو کێشەکانتان لە چوارچێوەی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە، ئایا ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە دەتانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن؟
نیشانەیەکی دیکەی ئەوەی کە دەتانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن و لەناوی ببەن ئەوەیە، ئەگەر تۆ دووژمنایەتی لایەنێک بکەیت، دەچی شەڕ لەگەڵ لاوازەکە ناکەی، بەڵکو لەگەڵ بەهێزەکە دەکەی، بۆیە هەرچی شەڕتان هەیە لەگەڵ ئێمەدایە، راستەوخۆ شەڕ و پلانەکانتان لەگەڵ ئێمەدایە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە ئێمە کراوینەتە ئامانج و ئەوە دەسەلمێنێت کە تۆ دەتەوێت هێزە بەهێزەکەی هەرێم نەهێڵی بۆ ئەوەی هەرێم نەمێنێت.
رووداو: عێراقی ئێستا عێراقی 15 ساڵ پێش ئێستا نییە، ئەوکات سەرکردە سیاسییە باڵادەستەکان لە حکومەت و پەرلەمان پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد هەبوو، ئێستا جیلێکی نوێی سیاسی لە پەرلەمانن و پەیوەندییەکی وایان لەگەڵ سەرکردەکانی کوردستان نییە، بۆیە کەمتر حیساب بۆ رێککەوتن دەکەن و خۆیان لە پەرلەمان پرسەکان یەکلا دەکەنەوە، ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهاتە نوێیە دەکەن؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: ئەمە پرسیارێکی زۆر بەجێیە، رەنگە ئەمە بەشێک بێت، دونیا لە گۆڕاندایە، ساڵی 2003 ساڵی 2021 نییە، هەر حیزبێک رەچاوی ئەو گۆڕانکاریانە نەکات و لەگەڵ سەردەمەکەدا نەچێتە پێشەوە، خۆی زەرەر دەکات و مێژوو سزای دەدات، بەڵام ئەوەی کە دیارە و روونە، ئەوانەی سەرکردایەتیی ئەو دۆخە دەکەن هەر هەمان کەسایەتی و حیزبە ئایینییەکان، هەر مالیکی و ئەیاد عەلاوی و عەبادی و موقتەدان، هەر ئەوانە سەرکردایەتیی دەکەن و بە هەمان بیر کار دەکەن، وەکو گوتم ئەمە سیاسەتێکی رێکخراوە بۆ لاوازکردن و نەهێشتنی هەرێم، خەونەکانی کورد تێکبدەن و بیکەن بە شتێکی دیکە.
رووداو: ئەو سیاسەتە لە دۆستە دێرینەکانیشتان دەبینن؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: نا، دۆستەکان ئەوە ناکەن، چونکە ئێستا ئەوان دەسەڵاتیان نییە، دۆستی دێرین ئەو دەسەڵاتەی نییە، رەنگە ئەو لەمە باشتربێت، چونکە پشت دەبەستێت بەو حیزبانە و ئەو کەسانەی کە هەن کە هەڵسوکەوتیان چۆن دەبێت، کاریگەریی دەرەوە لەسەریان، هەمووی کاریگەریی هەیە لەسەر بارودۆخەکە.
ئەو هەستەی شەقامی شیعی کە وردە وردە دژی هەرێمی کوردستان بەرزکرایەوە، ئەو هەڵسوکەوتەی لە پەرلەمان هەیە تازە نییە کە بڵێی پەرلەمان ئازادە، دروستکردنی ئەو دژایەتییە بەرامبەر بە کوردستان بەشێکە لە سیاسەتی ئەو حیزبانە، ئەمە بەشێکی دیاریکراو و بەرنامە بۆ داڕێژراوە، بە درۆ رێکخستن و شت هەڵبەستن و جوڵاندنی خەڵک و جۆرەها شتیان کردووە، دەزگایەکی راگەیاندنی گەورەیان هەیە، دەوڵەت هەیە پشتگیرییان دەکات، ئەمانە بووەتە هۆی ئەوەی وا پیشانبدرێت کەوا شەقام دژی ئەو بۆچوونەی کوردایەتییە، با نەڵێین هی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە پەرلەمان یەکەم تەوافوق کە شکێندرا، ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بوو شکاندی، یەکەم شتی یاسای هەڵبژاردنەکان یەک لایەنە 15 ساڵ لەمەوپێش، یەک لایەنانە پەرلەمانی عێراق کە کورد بەشداریی نەکرد، ناڕازیبوون لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن کە بەپێی یاسای هەڵبژاردن عێراق یەک بازنە بوو، بەڵام ئێوە چوون کردتان بە پارێزگا و یاسەکەتان گۆڕی.. چەند تکامان لێکردن، کە خۆم یەکێک بووم لەوانەی کە چووم لەگەڵ عەبدولعەزیز حەکیم قسەمکرد، خودا لێی خۆشبێت، گوتم تکات لێدەکەم رۆژێک دوای بخەین بگەینە رێککەوتنێک، هەر من چوومە دەرەوە دەنگدانیان لەسەر کرد، بەداخەوە ئێمەش هەڵەمان هەبوو، ئەوکاتە سەرۆکایەتیی عێراق دەیتوانی هەڵوێست وەرگرێت، کە هەڵوێستی وەرنەگرت، لە ئەنجامدا دوو شت بەنیسبەت کورد روویدا، لە کۆی 79 ئەندامی پەرلەمان هاتە سەر پەنجاو شتێک، دووەمیان؛ ئەو یاسایە چەسپاندی کە شیعە زۆرینەیە لە عێراق بەبێ ئەوەی هیچ راپرسییەک و سەرژمێرییەک لە عێراق بکرێت، خەڵک بچێت دەنگ بدات یان نا، شیعە زۆرینەن لە پەرلەمانی عێراق، بێگومان لەوکاتەوە دیارە ئاراستەکە بە چ جۆرێک دەڕوات، ئینجا وردە وردە ئەو رێکارانەیان زیاد کردووە تاوەکو گەیشتووەتە ئاستی ئەوەی تۆ بەرامبەر بە داهاتووی عێراق و بەو دۆخەی کە هەیە زۆر رەشبین دەبیت.
رووداو: لە بەرامبەر ئەو ئاراستە سیاسییە بەهێزەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە لە بەغدا، ئێستا هەست دەکرێت کورد هیچ کارتێکی بەدەستەوە نییە بەرامبەر بەغدا، بە ناچاری بەدوای بەغداوەیە بۆئەوەی بڕێک پارەی بۆ بنێرێت، بۆچی کورد گەیشتە ئەو دۆخە لە عێراق، کە هیچ کارتێکی بەدەستەوە نەمێنێت؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: لە ساڵانی 2003 و 2004 کاتێک لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بەیەکەوە کارمان دەکرد، ئەوانەی کە نەبوون و هاتنە سەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ئەوانەی کە لە ئەسڵدا حیزبی چەسپاو و تەقالیدیان هەبوو، ئەو ماوەیە بەیەکەوە کارمان کرد تاوەکو ئێستا.. 2003، 2021 نییە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. گۆڕانکاریی بنچینەیی بەنیسبەت ئێمەوە چی بووە؟ جارێ یەکەم شت لەسەر ئاستی بەغدا، کورد بە هیوا بووە شتێکی تازە دروست بکات، بە هیوا بووە بگاتە ئامانجێکی گرنگی خۆی، یەکەم شتی چەسپاندنی ئەو دەستکەوتانە بووە کە لە راپەڕینەوە بەدەستیهێناون، ئەمە یەکێکیان بووە. دووەمیش، ئەگەر کرا پەرەی پێبدرێت و زیاتر بکرێت، ئەویش لە چوارچێوەی عێراقێکدا کە بتوانێت ئەوە چارەسەربکات، بۆ ئەو مەبەستە سەیردەکەیت کورد بە هەموو توانایەوە سەرکردەیەکی وەکو جەنابی کاکە مەسعود بارزانی خۆی بە مانگ لە بەغدا دادەنیشت، مام جەلال دەهات بە مانگ لە بەغدا دادەنیشت بە وجودی ئەو دووانەش هەرچەندە بۆچوونی جیاواز هەبووە، ئێمە دوو حیزبی جیاوازین بۆچوونی جیاواز هەبووە، ئەمە شتێکی مێژووییە و تازە نییە، بەڵام بە حوکمی ئەو ئەزموونەی هەیانبوو وای لێدەکردن بگەنە فاکتەرێکی هاوبەش. هاوکات کەسانی بەهێز و خاوەن ئەزموونمان لە پارتی و حیزبەکانی دیکە ناردە بەغدا بۆئەوەی رۆڵ ببینن، ئەوەبوو دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان چەسپان و لە دەستووریشدا نووسرانەوە، توانرا رێککەوتن بکرێت بۆ دروستکردنی حکومەت، هەرچەندە نابێت ئەوەمان لەبیربچێت فەترەی یەکەم لەژێر سایەی حوکمی برێمەردا بوو، هێزێکی زۆری ئەمریکیشی لێبوو، حوکمی برێمەر و ئەو هێزە زۆرەی ئەمریکا، ئەویش فاکتەرێکی دیکە بوو کە هەڵوێستی بەرامبەر دیموکراتییەت و فیدراڵییەت و دوورکەوتنەوە لە پرسی مەزهەبی، گوشاریان لە هەموو سیاسییەکانیش دەکرد کە دەبێت بەو ئاراستەیە کار بکرێت.
عێراقیش، من ناڵێم کورد، ئەلحەمدولیللا کورد وانییە، عێراقی بەگشتی لەگەڵ دووانیان دانێی رێکناکەون لەگەڵ یەکدیدا، ئیللا نێوبژیوانێکیان لەبەردەمدابێت، ئەو نێوبژیوانەش دەبێت زۆر لە خۆیان بەهێزتربێت و لێی بترسن، ئەوەشمان لە زۆر بۆنەدا پێ گوتوون.
ئەوکاتە هاوسەنگیی هێز بەلای کورددا زیاتربوو، ئەزموونمان هەبوو، دەمانزانی چیمان دەوێت، ئەوانە لەوانەبوو نەزانن چییان دەوێت، هەندێک فیدراڵییەتی دەویست، هەندێک نەیدەویست، هەندێک جیابوونەوەی عێراقی دەویست، هەریەکەی جۆرێک بوو، واتە فکرەیەکی روونیان نەبوو، ئەو ئەزموونەشیان نەبوو لە حوکم و ئیدارەدا کە ئێمە پێش ئەوان 10 بۆ 12 ساڵێک لەپێش ئەواندا لە کوردستان هەمانبووە، سەرەڕای ئاستەنگییەکانیش کە لە کوردستان بینیمان.
بۆیە ئەوکاتە توانرا زۆر شت بەدەستبهێندرێت، بۆ زۆر شت چاویان لە دەمی کورد بوو، بۆ زۆر بڕیار. هەندێکجار لە ئەنجوومەنی حوکم کە یەکەمجار دەستی بەو کارە کرد ئەوەی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنی حوکمی دەکرد، بە پلەی یەکەم پارتی بوو، ئینجا یەکێتیش رۆڵێکی دەبینی ئەگەر مام جەلال بهاتبایە رۆڵەکە چالاکتر دەبوو، ئەگەر ئەو نەهاتبووایە تۆزێک لاوازیی تێدەکەوت.
پاش ئەوە شیعەکان وردە وردە خەریکبوون فێربوون، تامی دەسەڵاتیان زانی، بە بڕوای من چاویان چووە ئەوەی من بۆ فیدراڵیم بوێت، بۆ نەتوانم حوکمی هەموو عێراق بکەم... لەسەر ئەو بنەمایەی شیعە ستەمی لێکراوە، ئەوە راستە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بچی ستەم لە خەڵکی دیکە بکەیت، بە فکری خۆیان وای بۆچوون کە هەوڵبدەن سیستەمێکی وا دروستبکەن دەسەڵاتەکە هەمووی هی خۆیان بێت. بێگومان شانبەشانی بۆچوونی تەسکی تائیفی، مەسەلەی قازانج و گەندەڵی و ئەو شتانەشی تێدابوو، بۆئەوەی ئەو وەختە هەرکەس بە ئارەزووی خۆی لە بەروبوومی عێراق هەڵگرێت. ئەمەش گەیشتە لووتکە، بە چی گەیشتە لووتکە؟ بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا رێککەوتنێکیان لەگەڵ مالیکیدا کرد، ئەوەش هاوسەنگیی هێزی بە جارێک گۆڕی. دووەمیان لەو کاتەوە هەندێک کەسایەتی کە لە بەغدا بوون، سەر بە پارتی نەبوون، لە دەسەڵاتدا بوون وەکو ئێمە.. کەوتنە ئەوەی هەوڵبدەن لەو رێگەیەوە خۆیان وەکو حیزبێک بە تەنیا بەهێزبکەن، بۆ نموونە وایان پیشاندەدات کە پارتی ئینفیساڵییە و ئێمە وەتەنین، لە هەموو مەحفەلێک ئەوە باسکراوە و پێشمان گەیشتووەتەوە، لە هەڵوێستیشیاندا زۆر شت دیاربوو، بۆیە ئەو فکرەیە لای شیعە دروستبوو کە دەتوانن کورد بەڕێوەببەن و هەڵیخەڵەتێنن و لە ئەنجامدا ئەوە بکەن کە خۆیان دەیانەوێت.
پێش ئەوەی دۆخەکەش زۆر قورستر بێت، ئەمانەمان هەمووی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتیی کوردستانی باسمان کردووە، بە ئاشکرا شیمان کردووەتەوە و زانیوومانە دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات و بۆچی پێویستە، بەڵام بەداخەوە دواتر شتی دیکە روویدا، ئەنجام گەیشتە ئەوەی کە پێگەی کورد رۆژ بە رۆژ لاواز ببێت، لەوەشیاندا بە پلەی یەکەم ئامانجەکە پارتی بوو، ترسی ئەوان لە پارتی بوو، لە خەڵکی دیکە نەبوو، چونکە کە پارتی نەما ئەو لایەنانەی دیکە ناچارن پەیڕەوی سیاسەتی ئەو بکەن، ناچاردەبن ناتوانن جێگەی پارتی بگرنەوە بەو شێوەیە، چونکە ئەوانە ئەو کێشانە هەر دروستدەکەن، کێشە بنچینەییەکان چارەسەر ناکەن و دەیهێڵنەوە، تاوەکو گەیشتە ئەو راددەیەی ئێمە ریفراندۆممان کرد، بۆ ریفراندۆممان کرد؟ چونکە گەیشتبووینە ئەو بڕوایەی کە خەریکە هاوسەنگی تێکدەچێت و تێکیش چووە، شەراکەت و تەوافوق و تەوازن نەماوە و دەستوور جێبەجێ ناکرێت، بەشی هەرێم لە داهاتی عێراق کە دەستوورییە یەکلایەنە بڕیوویانە، بە بیانووی ئەوەی کورد خەریکی نەوتە، لەکاتێکدا 9 مانگ دوای ئەو بڕیارە کورد دەستی بە فرۆشتنی نەوت کرد. ئەمانە وایلێکردین کە بزانین رێگەی دیکە نییە، قەناعەتی میللەتیش ئەوە بوو ئیرادەی خۆی پیشانبدات و بڵێن بابە ئەم رێگەیە داخراوە، لەبەرئەوە ریفراندۆم کرا کە مافێکی یاسایی ئێمەیە.
ئێستا دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە گۆڕاوە، ئێمە ریفراندۆممان کرد و تێیدا سەرکەوتین، رای 80٪ی میللەتی ئێمە بۆ سەربەخۆیی بوو، جێبەجێ نەبوو، ئەمە حیسابێکی دیکەیە.. مومکینە لە بارودۆخێکدا دووژمن لە تۆ بەهێزتربێت، بەڵام ئەمە بۆ مێژوو دەمێنێت، ئەمە یەکەم هەنگاوە بەرەو ئامانجی گەورەی کورد.
رووداو: ئەنجامی ریفراندۆم دەبێتە کارتێک بە بەردەوامی بە دەستی کورد؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: لە بارودۆخێکی گونجاودا ئەمە کارتە، لە بارودۆخێکی گونجاودا ئەمە گەمەی پێناکرێت.. شتە، لە شتە گەورەکانە کە کورد دەستیکەوتووە.
ئینجا ئەمە ئەنجامەکە وایلێکرد کە ئەوانیش ئیستغلالی ئەوە بکەن تاڕاددەیەک وابکەن کورد لاوازتربێت، کێ؟ پارتی.. لەبەرئەوە تۆ لە هاوسەنگییەکی لاوازدا ناتوانیت شتێک وەربگریت کاتێک لە هاوسەنگییەکی بەهێزدا بوویت، بەس لاوازیش نییە بە نیسبەی ئێمەی کوردەوە، ئەلحەمدولیللا ئێمە ئیرادەی کوردمان هەیە کە ئیرادەیەکی پۆڵایینە. وەکو باسم کرد، زیاتر لە 100 ساڵە خەبات دەکات بۆ سەربەخۆیی، ئێمە وڵاتێکین بەتواناین، خەڵکی زیرەکمان هەیە، میللەتەکەمان ئیشکەرە، بەروبوومێکی زۆریشمان هەیە، ئاومان هەیە، شوێن هەیە لە ئێمەوە ئاوی بۆ دەچێت، نەوتمان هەیە، جۆرەها شتمان هەیە کە دەتوانین بەکاریبهێنین، ئەوەندی ئەوان ئەو مەترسییەیان هەیە کە ئێمە هەوڵبدەین ئەو شتانە هەمووی بۆ خۆمان بەکاربهێنین، لەبەرئەوە کارتێکی گوشاری گەورەیە لەسەریان، تەنیا مەسەلەی جیابوونەوە نییە، رەنگە جیابوونەوە لە بارودۆخی ئێستا جۆرێکی دیکە بێت، بەڵام حیساب بۆ ئەو شتانە دەکەن. بۆیە بە قەناعەتی ئێمە، ئێمەش دەتوانین گوشار بکەین، بێگومان کە گوشارت کرد، وەکو باسمکرد یەکێک لە ئامانجەکان ئەوە بوو کە هەموو ئەو شتانەیان بە راشکاوی پێ بڵێین، هەموو ئەوانەشمان پێ گوتوون، پرسیاری ئەوەشمان لێکردوون لە ئەنجامدا ئێمە ئەو سیاسەتەی ئێوە دەبینین ئایا هێشتا ئێوە ئێمەتان دەوێت وەکو هاوبەش یان ناتانەوێت؟ ئەگەر ئێمەتان وەکو هاوبەش دەوێت دەرگای ئێمە هەمیشە بۆ دیالۆگ کراوەیە، ئەگەر ئەوە ناکەن ئێمە پاشکۆیەتی قبووڵ ناکەین، هەرگیز قبووڵمان نەکردووە و قبووڵیشی ناکەین، ئامادەش نین شتمان بەسەردا بسەپێنن، چونکە ئێمە ئەوکاتە بەدیلی دیکەمان هەیە، بەدیلیش مەرج نییە لە سفرەوە تاوەکو 100 بێت، جۆرەها بەدیل هەیە.
رووداو: ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەوڵێکی جیددی هەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، شاندی سیاسی و حکومی دەڕوات، ئەگەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا نەگەیشتە رێککەوتن چی دەکات؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: ئەوکات دەبێت بێت بەدوای شتە هاوبەشەکاندا بگەڕێت، بە شێوەیەکی رێکوپێک کار بکەن بۆئەوەی ستراتیژیەت و تاکتیکێکی تازە دانێن و ئیشی لەسەر بکەن، لەسەر ئەو بنچینەیەی کە پێش هەموو شتێک بەرژەوەندیی کورد بپارێزن، کورد نەبێتەوە ژێردەست، ئەمە لە هەمووی گرنگترە.
وەکو باسمکرد بەدیل زۆرە، هەر شتەو لە کاتی خۆیدا باس دەکرێت، رێککەوتنی ئەوان هەر بودجەیە، ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەکەن ئەی شتەکانی دیکە چۆن جێبەجێ دەکەن؟ ئەوەشمان پێ گوتوون، لێرەدا نیەت شەرتە، ئایا ئەوان نیەتیان هەیە بێنەوە سەر خەت، یان نیەتیان نییە؟ ئەگەر نیەتیان نەبێت واتە داوای کۆیلایەتی لە ئێمە دەکەن، ئێمەش ئەوە قبووڵ ناکەین.
رووداو: سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئابووری لە کوردستان، بەڵام پەیوەندییە سیاسییەکانتان لەگەڵ یەکێتی خراپە، لەگەڵ گۆڕانیش زۆر باش نییە، ئەم دۆخە سەختە بۆچی نەبووەتە هۆی ئەوەی کە هەوڵی یەکڕیزیی لایەنەکان بدەن و بەیەکەوە رووبەڕووی کێشەکان ببنەوە؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: ئەوەیان خەتای پارتی نییە، تەنیا سەیری ئەو هەموو هەوڵە بکە کە کاک نێچیرڤان خستوویەتیەگەڕ بۆ پەیوەندیی باش لەگەڵ چاک و خراپدا، کۆکردنەوەی ئەو هەموو خەڵکە، ئەوە سیاسەتی پارتیش بووە، پارتی پێی خۆشە کورد یەک بێت، یەک هەڵوێست و بۆچوونی هەبێت، بەڵام چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێت.
دەبێت ئەو حیزبانەش بە خۆیاندا بچنەوە و بیر لە هەڵوێستیان بکەنەوە، چونکە ئەوانیش تەرکیز لەسەر ئەوە دەکەن ئەگەر پارتی لاوازبێت ئەوانیش قازانج دەکەن، ئەمە هەڵەیە.. ئەوە بە کوردی شتێکی دیکەی پێ دەڵێن ناوی تایبەتی هەیە، حەزناکەم بیڵێم...
ئەو خاڵە لە دەرەوەش لە دژمان بەکاردەهێندرێت، بە دوو جۆر بەکاریدەهێنن، ئەوانەی دۆستی کوردن پێیان ناخۆشە، هەمیشە هەوڵدەدەن کورد یەک بێت، ئەوانەشی کە دووژمن بە کوردن یان غەرەزێکیان هەیە بەرامبەر بە کورد، تێدەگەن لەوەی دەتوانن کورد لە یەک جیابکەنەوە و دەسەڵاتداربن بەسەر هەموویاندا، دووەم ئەگەر کورد یەک را و یەکدەنگ بووایە ئێمە ئەو شتانەمان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئێستا نازانین ئەمە رای کێیە.. ئێوە یەکدەنگ نین.
لەوێش پێمان گوتن، ئایا شیعە یەکدەنگە؟ ئایا سوننە یەکدەنگە، ئایا ئێوە کێشە لەنێوانتاندا نییە و هەر ئێمەین؟ دوایی لەنێو حیزبی گەورە و بچووکەکانیشدا رای جیاواز هەر دەبێت، بەڵام مەرج ئەوەیە ئەو حیزبانە ئەوەی کامڵ بێت تێیاندا، ئەگەر تۆ ناتوانی هەموو شتێک رێکبخەیت و لەسەر هەموو شتێک رێکبکەویت.. بەلایەنی کەمەوە بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا بگەڕێ.
ئەگەر ئازادیی کوردستان نەبێت، ئەو هەموو حیزبە یانی چی؟ لە کودستاندا لایەنێک هەیە نابێت لەبیری بکەین، لایەنی ئایینی لە کوردستانیشدا هەیە، لایەنی ئایینی بتەوێت و نەتەوێت دژی بۆچوونی نەتەوایەتییە. لەناو ئیسلامدا ئێمە یەک ئومەت و یەک شتین، بەڵام لەناو ئەو موسڵمانانەی ئێستا، هەموو جیهان و میللەتان دەبێت دەوڵەتیان هەبێت، حوکمیان هەبێت، ئازادبن، ئاساییە، بەڵام نابێت کورد هەیبێت.
رووداو: پێتوایە ئەمە بۆچوونی حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستانیشە؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: بۆچوونەکەی ئەوەیە کە خاڵی هاوبەشیان زۆر نییە، ئەوان بیری نەتەوەیی ناکەنەوە، راستە کوردن و هەستێکیان هەیە، ئینکاریی ئەوە ناکرێت لە هەندێک کەسیان و هەندێک بۆچوون و هەڵوێستیاندا... بەڵام بەگشتی فەلسەفەی ئەوان شتێکە و فەلسەفەی ئێمەش شتێکە.
ئەمانە هەمووی وایکردووە ئەگەر ئێمە رێگاچارە بدۆزینەوە، ئەوەیە هەوڵبدەین بەتایبەتی حیزبە نەتەوەییەکانی کورد، ئەوانەی کوردایەتی دەکەن، بیر لە خاڵە هاوبەشەکان بکەنەوە، هاوبەشی ژمارە یەکیش ئەوەیە ئەو هەرێمە بپارێزین، بچووکی نەکەیتەوە لە چوارچێوەی مووچە، ئەوە دووژمن بەکاریدەهێنێت.
ئەوانەی بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن یان لێی تێنەگەیشتوون، وای بۆ دەچن ئەگەر پارتی لاوازبێت، ئەوان جێگەی پارتی دەگرنەوە، ئەوان جێگای پارتییان پێناگیرێتەوە، چونکە یەکەم خۆیان ناتوانن، دووەم حکومەتی بەغدا ئەو رێگەیەیان پێنادات یان ئەو لایەنانەی کە هانیاندەدات بەو ئاراستەیە. لایەنی دیکە هەیە لە بنچینەدا دژی جیابوونەوەی کوردە لەبەر چەند هۆکارێک، هەر ئیسلامەتی نییە، زیاتر ئەو دەوڵەتانەیە کە پشتگیریی ئەو حیزبانە دەکەن. هەندێکیشی هەیە لە نەزانینەوە دەیکات.
بۆیە دەبێت بەدوای خاڵە هاوبەشەکاندا بگەڕێین، بەرژەوەندیی هەرێم، بەرژەوەندیی کورد مەرجی ژمارە یەکە بەرامبەر بە ئێمە. نابێت بەرژەوەندیی کورد لە چوارچێوەی مووچەی فەرمانبەران تەسک بکرێتەوە، ئەو فەرمانبەرانە مافی خۆیانە، خەباتیشیان بۆ دەکەین، ئەو هەموو سازشەی حکومەتی هەرێم کردوویەتی، کاک مەسرور کردوویەتی، حکومەت بەگشتی کردوویانە، بۆ چییان کردووە؟ بۆ ئەوە نییە بارودۆخی فەرمانبەر چاک بکەن. ئەمە راستییەکەیە، دەبێت ئەو حیزبانە هۆشیاربن، ئەوەی هۆشیار دەبێت دیارە، ئەوەی هۆشیاریش نابێت و هەر لەسەر ئەو هێڵە دەڕوات دیارە گوێڕایەڵی لایەنی دیکەیە، یان هەر لە بنەڕەتدا لایەنی دیکە دروستیکردووە بۆ گێرەشێوێنی.
رووداو: ئەگەر بێینە سەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، ئایا پارتی چۆن بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکات؟ هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ لایەنێک دەکەن؟
د.رۆژ نووری شاوەیس: بە نیسبەت پارتییەوە هەڵبژاردن گرنگ نییە، یاسای هەڵبژاردن گرنگە، تاوەکو ئەو یاسایە نەچێتەوە دۆخێکی دادپەروەریی رێکوپێک بە نیسبەت کوردەوە ئەنجامەکەی هەر بەو شێوەیە دەبێت، بە نیسبەت ئێمەوە. بەڵام دەبێت ئێمە بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بین.
لە بەغدا بۆمان دەرکەوت بۆچوونی لایەنەکانی دیکە چییە بە نیسبەت هەڵبژاردنەوە، هەندێکیان پێیان خۆشبوو لەکاتی خۆیدا بکرێت لە مانگی شەش، بەڵام راستیان نەدەکرد، هەندێک دەیگوت دوای بخەین، چونکە کاتمان نییە، هەندێکیش هەبوو لە بنچینەدا نەیدەویست هەڵبژاردن بکرێت.
رووداو: لایەنی شیعەی بەهێز هەیە لەگەڵ ئەوەبێت هەڵبژاردن نەکرێت؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: بێگومان ئەوەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و نایەوێت گۆڕانکارییەکی گەورە دروست ببێت، حەز ناکات هەڵبژاردن بکرێت و دەیەوێت بمێنێتەوە، رەنگە حکومەتیش حەز نەکات هەڵبژاردن بکرێت.
خوڵاسەی گەشتەکەی ئێمە بۆ بەغدا، جارێ هەرچی هەیە و نییە بینیمان، بەو راشکاوییە قسەمان لەگەڵ کردن کە باسم کرد، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو ئێمە هەردوو پەیامەکەی خۆمان گەیاند، ئەوان لە ئێمە تێگەیشتن... زانییان ئێمە دەزانین ئەوان چی دەکەن، زانییان ئەگەر هاوبەشیان بووێت دەتوانن لەگەڵماندا بێنەوە سەر خەت.
هاوکات لە لایەنەکانی دیکەش تێگەیشتین، لەڕووی بۆچوونیان، سیاسەت و ئابووری و کارگێڕییەوە، چونکە لەگەڵ هەموویان بە وردەکارییەوە قسەمان کرد، ئەمە ئەنجامی گەورەی گەشتەکەمان بوو وەکو شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان.
هیوادارم تاوەکو هیوای رێککەوتن هەبێت هەوڵی بۆ بدرێت، هەرچەند خۆم گەشبینم، نەوەک زۆر گەشبین نەبم، بەگشتی نایەنەوە سەر ئەو خەتەی کە ئێمە دەمانەوێت، زەحمەتە.. چونکە ئەوان چاویان لە عێراقە. حیزبە ئایینییەکانی شیعە بە کوردستانیشەوە چاویان لە هەموویەتی لە عێراق و کوردستان، پێش هەموو کەسێکیش دێن زەرەر لە کوردستان دەدەن، چونکە تاکە لایەن بەرامبەریان وەستاوە بە شێوەیەکی کاریگەر، کوردستانە. شوێنەکانی دیکە ئەگەر دژیشیان بووەستن، بۆ نموونە سوننە یان تورکمان، ئەگەر دژیشیان بووەستن ناتوانن زەرەریان لێ بدەن یان نایکەن یان توانایان نییە، یان ئەوەندە پەرت و بڵاوبوون پێیان ناکرێت. ئەمانە ئەوە باش دەزانن.
ئەگەر واز لەو سیاسەتەیان بهێنن، ئێمە دەرگامان کراوەیە، وازیشی لێنەهێنن، دەبێت بەپێی بارودۆخ بەدوای چارەسەری دیکەدا بگەڕێین.
رووداو: پارتی بەنیازبوو لە ساڵی رابردوو کۆنگرە بکات، بۆ نەکرا؟ کەی کۆنگرە دەبەستن؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: بڕیاربوو ساڵی رابردوو کۆنگرە ببەسترێت، هەموو ئامادەکارییەکیشی بۆ کرابوو، هۆکاری ژمارە یەکیش مەسەلەی کۆرۆنا بوو، هیچ هۆکارێکی دیکە نەبوو، هەمیشە کۆنگرەکانی پارتی لەبەر بارودۆخە، سەنگ و کاریگەریی هەیە، هەوڵدەدرا هەموو حیزب بەشداربن تێیدا، ئەنجامی کۆنگرەکەش ئەنجامی هەموو حیزب بێت، هەمیشەش گۆڕانکاری یگەورە کراوە لە کۆنگرەکانی پارتیدا، بەڵام کۆرۆنا رێگەی نەدا، ئەگەر کۆنگرەیەکی وا ببەسترابووایە، خەڵکێکی زۆری بێ گوناح تووش دەبوو، چونکە بتەوێت و نەتەوێت ئەو بەدواداچوونە نەبوو لەسەر مەسەلەی کۆرۆنا، زۆر کەس هەبوو هەر باوەڕی پێنەدەکرد، لەبەرئەوە نەک هەر خۆشیان، کەسوکاریشیان تووش دەبوون، خەتاکەش دەکەوتە سەر کۆنگرەی پارتی. بۆیە ئەم هۆکارانە وایکرد چاوەڕێی کاتێکی گونجاو بکەین.
ئێستا بە قەناعەتی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانرێت کۆنگرەیەک ببەسترێت کە مەرجی کۆنگرەی تەواوی تێدابێت، بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پارتی، دۆخەکەش لەبەرچاو بگیرێت.
رووداو: پلان هەیە ئەمساڵ کۆنگرە ببەستن؟
د. رۆژ نووری شاوەیس: بڕیارە ئەمساڵ کۆنگرە ببەستین، وەکو رەشنووسیش مانگی شەشمان دیاریکردووە.
زیاتر بخوێنەوە