چالاکڤانان لە سنە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک لە چالاکڤانانی مافی ژنان دژی پەسندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای سنە گردبوونەوە.
 
ئەو چالاکڤانانە بە هەڵگرتنی درووشمی "نا بۆ لەسێدارەدان؛ بەڵێ بۆ ژیان" و "پەخشان هیوایە بۆ ژیان" داوایان کرد، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکڤانی مافی ژنان هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
ئەو هاونیشتمانییانە داوا لە پارێزگاری سنە دەکەن، پێگە و توانای خۆی بەکاربهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکە.
 
دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08-01-2025 سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسند کرد.
 
ئەو هاونیشتمانییە لە 4ـی ئابی 2023 لەکاتێکدا لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە تاران بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا و لە دادگەی شۆڕشی تاران بە تۆمەتی چالاکی چەکداری دژی دەسەڵاتی ئێران دادگاییکرا و بە لەسێدارەدان سزا درا. 
 
پەخشان عەزیزی لەدایکبووی ساڵی 1984 و خەڵکی مهابادە. دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش سەردانی باشوور و رۆژئاوای کوردستانی کرد و لە کەمپی پەنابەراندا وەک یاریدەدەری کۆمەڵایەتی بە تایبەت هاوکاری ژن و منداڵانی کرد.
 
شەش ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 15-01-2025 لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، پەخشان عەزیزی لە عێراق و سووریا وەک یاریدەدەرێکی کۆمەڵایەتی هاوکاری ئاوارەکانی شەڕی کردووە و تۆمەتبارکردنی بە چالاکی چەکداری بێ بنەمایە.
 
پێشتر ئەمیر رەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزیش رایگەیاندبوو، لە دۆسیەکەیدا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت، ئەو بەندکراوە چالاکی چەکداری هەبووە.