هەسەدە: درۆنەکانمان بەرهەمی خەڵکی خۆمانن

لۆگۆی هەسەدە
 
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رەتیدەکاتەوە درۆنیان لە ئێران کڕیبێت و دەڵێت، درۆنەکانیان دروستکراوی دەستی خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن.
 
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هەسەدە درۆنی لە ئێران کڕیبێت.
 
راگەیێندراوەکەی هەسەدە دوای ئەوە هات کە میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، هەسەدە لەگەڵ ئێران رێککەوتووە کە 1500 درۆن لەو وڵاتە بکڕێت.
 
گوتەبێژی هەسەدە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "ئەو هەواڵانە بە تەواوەتی نادروستن و بە ئاشکرا لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە هەڵبەستراون. ئامانجیانە زیان بە گەل و هێزەکانمان بگەیێنن، کەشێکی دووژمنکارانە بەرامبەر دۆزی گەل لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەن."
 
شامی ئاماژە بەوەش دەکات، "شەڕڤانەکانمان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە بەرفراوانەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە ماوەی رابردوودا کاریان بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی خۆیان کردووە، لەنێویاندا درۆن، کە بەرهەمی ئەزموونی خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایە."
 
درۆن بە یەکێک لە کەرەستە جەنگییە کاریگەرەکانی هەسەدە لە رووبەڕووبەوەیان لەگەڵ نەیارەکانی دادەنرێت.
 
هەرچەندە هەسەدە خۆی زانیاری لەسەر درۆنەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لەو گرتە ڤیدیۆیانە کە هەسەدە خۆی بڵاویان دەکاتەوە چەندین جۆری درۆن دەردەکەون کە خۆیان لە درۆنی چاودێریکردن و هێرشکردن دەبیننەوە.