رووداو دیجیتاڵ
لە قووڵایی شاخە بەرزەکانی زاگرۆس، دەروازەی نێودەوڵەتیی باژێڕگە یان 'سێڕۆ' هەڵکەوتووە. دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە و تەنیا 40 کیلۆمەتر لەنێوان ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەڤەری باکووری کوردستان دوورە، یەکێکە لە دەروازە گرنگەکانی نێوان ئەو دووبەشەی کوردستان.
سەدان کاسبکار بژێویی ژیانی رۆژانەیان بەو سنوورەوە بەندە، بەڵام ئەوان پڕ گلەیین. کامێز چۆپانی، کاسبکارە لە سنوورەکە، دەڵێت: "ناتوانین تەنانەت نایلۆنێکی پێنج کیلۆیی لە سنوور بپەڕێنینەوە و زۆر ئەزیەتمان دەدەن. دوو رۆژ پێشتر، دوو کاسبکار گیران لەسەر فەردەیەک برنجی پێنج کیلۆیی."
قادر محەممەدیش کاسبکارێکی دیکەیە، ئەویش گلەیی هەیە. دەڵێت، "زۆر جار کێشەی سیستم دروست دەبێت و خەڵکێکی زۆر لە کاسبکار و گەشتیار لێرە بە چەند کاژێر دەمێننەوە."
کەشوهەواش ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم کاسبکارانە لەو ناوچە شاخاوییە. فەرهاد زاهیدیان، کاسبکارە، ئەو باسی کرد کە رێگەوبانەکان زۆرجار بەهۆی بەفرەوە دەگیرێن، بەشێک لە کاسبکارانیش رێگەیان دوورە و بە ئاسانی ناتوانن بگەنە ئەو شوێنە، یان لەکاتی رۆیشتنەوە گرفتیان بۆ دروست دەبێت.
61 ساڵە ئەو دەروازەیە بووەتە فەرمی و نێودەوڵەتی، وێڕای دەرچەیێکی گرنگی گەشتیاری، لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیشدا لە سنوورە هەرە گرنگەکانە، بەڵام ماوە ماوە بەهۆی نەمانی سیستم و زۆرجاریش بەفربارینی زۆر دادەخرێت.
زەکی گویرداڵ، ئەندامی ژووری بازرگانیی گەڤەرە ئەو دەڵێت: ئەو کێشەیە بە تەنیا لە لای حکومەتی ئێمەوە نییە، بەڵکو لە دیوی ئێرانیش هەمان کێشە هەیە و ئێمە لە هەفتەی رابردوودا توانیمان کێشەی سیستم کە کۆن بوو بە یەکجاری چارەسەر بکەین و لە هەوڵیش داین تەواوی کێشەکانی دیکەی بنبڕ بکەین.
رۆژانە نزیکەی دوو هەزار گەشتیار هاتووچۆی پێدا دەکەن، نزیکەی 500 کامیۆنی بارهەڵگر کاڵا و کەلوپەلی پێدا دەگوازنەوە.
لە بازاڕی گەڤەر، کاریگەریی ئەو دەروازە سنوورییانەی دەوری شارەکەیان داوە، بە روونی دەردەکەوێت؛ نرخی هەرزان و فرەچەشنی کاڵاکان، وایکردووە ببێتە جێگەی سەرنجی کڕیاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ