رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای پێنجوێن رایدەگەیێنێت، پیاوێک ژنەکەی خۆی لەنێو ماڵەکەیدا پارچە پارچە کردووە و هەڵاتووە.
رووداوی کوشتنی ژنەکە دوو هەفتە لەمەوبەر بووە، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرا بوو. هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە رووداوی گوت، پیاوەکە ژنەکەی کوشتووە، دواتر پارچە پارچەی کردووە. "لەبەرئەوەی لەگەڵ ژنەکەیدا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن، پیاوەکە بۆ ناوچەکەی خۆی هەڵاتووە.
بە گوتەی قایمقامی پێنجوێن، پیاوەکە تەمەنی نزیکەی 60 ساڵە و ژنەکەی 42 ساڵان بووە. ماوەیەک بووە لە پێنجوێن ژیاون. ئەو ماڵەی رووداوەکە تێیدا روویداوە لە گەڕەكی ئەلیاسفرە بووە. پیاوەکە هەر لەنێو ماڵەکەدا، تەرمی ژنەکەی شاردووەتەوە.
هێمن ئیبراهیم روونی کردەوە، "ماوەی 15 رۆژ دەبێت ژنەکە ون بووە و کەسوکاری بەدوایدا دەگەڕێن. دواتر پیاوەكەی لە ئێرانەوە تەلەفۆنی بۆ کەسوکاری ژنەکە کردووە و شوێنی ژنەکەی ئاشکرا کردووە."
ئەو پیاوە لە کاتی پەیوەندیکردن بە کەسوکاری هاوژینەکەیەوە ئەوەی بۆ ئاشکرا کردوون کە "ژنەكەی خۆی كوشتووە."
قایمقامی پێنجوێن دەشڵێت، "بەپێی زانیاریی پۆلیس، پیاوەکە سێ ژنی هەبووە و لە پێنجوێن لەگەڵ ئەم ژنەی ژیاوە. ناو و زانیاریی دیکەیان دیار نین. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ