رووداو دیجیتاڵ
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشی لە سەرۆک بارزانی دەکات بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ سووریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکان.
رۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشیی لە سەرۆک بارزانی کردووە بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ سووریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی سووریا، جەختیشی لەوە کردەوە ئەمریکا پشتگیریی هەموو هەوڵێک دەکات کە ببێتە هۆی لێکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و بەدیهاتنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەدا خراوەتەڕوو.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تاوتوێ کراون.
بارەگای بارزانی دەڵێت، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ دانوستاندنی نێوان لایەنەکان و خێرابوونی هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە.
هەڕەشەکانی دەرکەوتنەوەی تیرۆر و پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە تەوەری دیکەی ئەو دانیشتنە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ