وەزارەتی کشتوکاڵ: پەڵە زیاتر دوابکەوێت، بەرهەمی گەنم لە دەشتی هەولێر 50% کەم دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە دەشتی هەولێر پەڵەی نەداوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر پەڵە زیاتر دوابکەوێت، بەرهەمی گەنم لە دەشتی هەولێر بۆ نیوەی پار دادەبەزێت. کەشناسێکیش دەڵێت، "20ی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ پەڵە."
هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا لە دەشتی هەولێر پەڵەی نەداوە. ئەو جووتیارانەی زەوییەکانیان بەراوە، گەنمیان چاندووە، بەڵام ئەوانەی پشت بە باران دەبەستن، تاوەکو ئێستا تۆویان نەوەشاندووە."
پار عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت. هیشام عەبدولخالق دەڵێت، "ئەگەر پەڵە زیاتر دوابکەوێت، بەرهەمی گەنم لە دەشتی هەولێر بۆ نیوەی پار کەم دەبێتەوە."
بەپێی ساڵ، ژمارەی جووتیاران گۆڕانی بەسەردا دێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، "پار 40 بۆ 50 هەزار جووتیاری گەنم لە هەموو هەرێمی کوردستان هەبوون."
بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی، "لە سلێمانی، هەڵەبجە، زاخۆ و بەشێک لە شوێنەکانی دهۆک پەڵەی داوە."
دوایین وادە بۆ پەڵە
باشترین کات بۆ پەڵە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمە. محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "پەڵە زۆر دواکەوتووە. 20ی ئەم مانگە دوایین وادەیە بۆ پەڵە."
ئەو کەشناسە گوتیشی، "ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە لە دەشتی هەولێر پەڵە نەدات، بارانبارین سوودی کەم دەبێت."
کەشناسان دەڵێن، بارانی پێویست بۆ پەڵە ئەگەر نەرمەباران بێت، 30 بۆ 40 ملیمەترە، بەڵام ئەگەر بارانی بەخوڕ بێت، دەبێت نزیکەی 60 ملیمەتر ببارێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەن، کە ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنمی دەکرێتە گەنم و جۆ.