هەفتەیەکە گەڕەکێکی شاری ئامەد بێ کارەبایە

رووداو دیجیتاڵ

گەڕەکی گوربوز لە شارۆچکەی خانی سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان، ماوەی هەفتەیەکە بێ کارەبایە و هاونیشتمانیان سەرکۆنەی کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی تەزووی کارەبا (دەداش) دەکەن.
 
بەگوێرەی گوتەی هاونیشتمانییانی دانیشتووی گەڕەکی گوربوز، رۆژی 8-1-2024 کێشەیەک لە بگۆڕی سەرەکیی گەڕەکەکە دروستبووە. خەڵک پەیوەندییان بە کۆمپانیای دەداش کردووە و تیمێک چوونەتە ئەوێ و بگۆڕەکەیان بردووە، بەڵام تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 15-1-2024) هیچ هەواڵێک لەو تیمە نییە و خەڵکی گەڕەکەکەش بێ کارەبان. 
 
مەسعود کاچماز، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی گوربوزە و بە ناوی 200 ماڵی بێ کارەبا بە میدیاکانی گوت "کارەباش هاوشێوەی خزمەتگوزارییەکانی دیکە کێشەی هەیە. بەرپرسان کاتێک سەردانی ئێرە دەکەن، بەڕێوەبەری دەداش لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن و داوای دەنگ دەکەن، بەڵام ئێستا هیچ کارێک بۆ چاککردنی کارەباکەمان ناکەن. لە هیچ شوێنێکی تورکیادا ئەم ستەمە نییە. کۆرپە، بەساڵاچوو و ئەو نەخۆشانەی بە ئامێری پزیشکییەوە بەستراون، بێ چارە ماون."
 
کۆمپانیای دەداش بەرپرسیارە لە دابەشکردنی کارەبا و زۆر جار لەگەڵ هاونیشتمانیان تووشی کێشە دەبنەوە. بەتایبەتی ساڵانە لە وەرزی کشتوکاڵیدا بەشێک لە جووتیاران رەخنەی تووند لەو کۆمپانیایە دەگرن بەوەی کارەبای پێویستیان پێنادات، بەهۆیەوە بەرهەمیان دەفەوتێت. کۆمپانیاکەش گلەیی ئەوەی لە جووتیاران هەیە کە گوایە خەرجیی مانگانە نادەن.