هێمن هەورامی: پێشڕەو دزەیی و چوار ئەندامی خێزانەکەی گیانیان لەدەستداوە

16-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان  قوربانیانی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵی سەرمایەدارێکی ناسراوی شاری هەولێر ئاشکرا دەکات.
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2023، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردووە و رایگەیاند لە هێرشەکانی ئەمشەوی شاری هەولێر ماڵێکی مەدەنی کراوەتە ئامانج.
 
لەوبارەیەوە، هێمن هەورامی لە پۆستەکەیدا نووسیوویەتی: "هێرشە ناڕەواکانی ئەمشەو لە هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ماڵێکی سڤیلی کردە ئامانج. خاوەنی ماڵەکە پێشڕەو دزەیی و چوار لە ئەندامی بنەماڵەکەی گیانیان لەدەستدا".
 
شەوی دووشەممە، سوپای پاسداران بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی لە نێو شاری هەولێر کردە ئامانج و بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تائێستا چوار کەس گیانیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکەش برینداربوون، کە هەندێک لە بریندارەکان تەندروستیان ناجێگیرە. 
 
لەدوای هێرشەکانیش، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد سوپای پاسداران بە چاودێری و پشتبەستن بە کۆمەڵێک زانیاریی لەسەر بنکە و جووڵەکانی رژێمی زایۆنی لە ناوچەکە، بە کۆمەڵێک مووشەکی دوورهاوێژ، بنکەکانی سیخوڕی رژێمی زایۆنی (مۆساد)ی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج و لەناوی بردن."
 
پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو تۆمەتانەی ئێرانی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە هیچ بارەگایەکی مووساد لە هەرێمی کوردستان نییە.
 
ئەوە دووەمجارە ئێران بە مووشەک هێرش دەکاتە سەر ماڵی کەسانی سڤیل. رۆژی 13-03-2022 ئێران بە 12 مووشەک هێرشیکردە سەر ماڵی سەرمایەداری کورد شێخ باز بەرزنجی.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە