رووداو دیجیتاڵ
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە ئیمێرجێنسیی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوونە.
سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە نزیک مەلائۆمەر رایەیگەیاند، زیاتر لە چوار مووشەک لە ماڵی پێشڕەو دزەیی، بازرگارنی شاری هەولێر دراون و ئاگرێکی گەورە لێی بەرزدەبێتەوە. باس لەوەش دەکات، سێ ئەمبوڵانس بەرەو هەولێر گەڕاونەتەوە و برینداریان پێبووە.
سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری رووداو لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، مووشەکەکان لە کرماشانەوە ئاڕاستە کراون. بارەگای ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی لەسەر رێی هەولێر و سماقووڵی بە مووشەک کراوەتە ئامانج، بەڵام بە دژە مووشەک بەرپەچدراوەتەوە و لە دەرەوەی بارەگەکە خراوەتە خوارەوە.
لەدوای ئەوەی چەند دەنگێکی گەورە لە هەولێر و دەوروبەری بیستران، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی لەئەستۆ گرت و رایگەیاند، "خەڵکی شەریف و قارەمانی ئێران ئاگادار دەکەینەوە، بە پشتیوانی خودا، وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییانەی دوژمنانی ئێران، بنکە سیخوڕییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی گروپە تیرۆریستییەکانی دژبەری ئێران درەنگانی ئەمشەو، لە هەندێک شوێنی ناوچەکە، بە مووشەکی دوورهاوێژ کرانە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ