بە مووشەک هێرشکرایە سەر هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای کاژێر 11:00ـی شەوی دووشەممە، خەڵکی هەولێر بە چەند دەنگێک راچڵەکان کە دواتر دەرکەوت دەنگی مووشەک بووە و ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی هەولێر کراون کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدا نیشتەجێن.
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە رێگەی پیرمام گوتی کە یەکەم مووشەک کاژێر 11:25 دەنگی یەکەم مووشەک بیستراوە و چەند مووشەکێک خراونەتە خوارەوە.
پەیامنێری رووداو گوتیشی، مووشەکەکان لەنێو چەند باخێک کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی مادییان هەبووە. هێزە ئەمنییەکانیش بەرەو شوێنی بەئامانجگیراو رۆشتوون بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکەن.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو لە رێگەی پیرمام رایگەیاند کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئەمبوڵانس و هێزی ئەمنیش بەرەو شوێنی بەئامانجگیراو دەچن.
بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، رووناکییەک لە ئاسمانی شاری هەولێر دەردەکەوێت و دەنگێکی گەورەش دەبیسترێت.
دوای هێرشەکان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا. چەند هاووڵاتییەک کە پەیوەندییان بە رووداوەوە کردووە، دەڵێن دەنگێکی بەهێزیان لە رێی پیرمامیش بیستووە.