سەردانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای 34 رۆژ لە راگرتنی سەردانیی گرتووانی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە سەردانیکردن دەستیپێکردەوە، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی باسی مەرجی نوێ بۆ سەردانیکردن دەکات.  
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023، بەهۆی پەتایەکەوە لە چاکسازییەکانی سلێمانی و هەولێر و دوای راوێژ بە وەزارەتی تەندروستی بۆ پاراستنی گیانی سزادراون، بڕیاردرا بۆ ماوەی یەک مانگ سەردانی کەسوکارییانەوە رابگیرێت."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 15-1-2024، سەردانیکردنی سزادراوان دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام بە "مەرجی نوێ"وە، کە بریتییە لە پاراستنی زیاتری سەلامەتیی تەندروستیی، پشکنینی زیاتر، هەروەها زوو دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی سزادراوان، لەگەڵ قەدەخەکردنی هێنانی هەندێک کەلوپەل و خۆراک کە پێشتر رێگەپێدراو بووە.
 
کەسوکاری سزادراوانی چاکسازیییەکان دەتوانن لە هەفتەیەکدا رۆژێک سەردانی چاکسازییەکان بکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان سێ چاکسازیی گەوران، سێ چاکسازیی ئافرەتان و منداڵان هەن، ئێستا 5 هەزار و 327 سزادراو لە چاکسازییەکانن.