لە ئامەد دوو بنەماڵەی دووژمندار بەشەڕهاتن و کەسێک کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی سووری ئامەدی باکووری کوردستان، شەڕە تەقە لە نێوان دوو بنەماڵەی دووژمندار روویدا، بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024 روویدا، کاتێک ئەندامانی دوو بنەماڵەی دوژمندار بە رێکەوت لە پردی پەڕینەوەی چواڕیانی ئینۆنو لە گەڕەکی ئیسکەندەرپاشا لە شارۆچکەی سوور لە ئامەد یەکدیان بینی، دەستبەجێ شەڕە تەقە لەنێوانیاندا روویدا. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارۆچکەی سوور لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئەندامانی هەردوو بنەماڵە دووژمندارەکە بە دەمانچە تەقەیان لە یەکدی کردووە و بەهۆیەوە کەسێک گوللە بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە. سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە. 
 
بریندارەکان گوازرانەوە نەخۆشخانەی فێرکاری سەر بە زانکۆی دیجلە و چارەسەری وەردەگرن. تیمێکی هێزەکانی جەندرمە بۆ پاراستنی ئاسایشی بریندارەکان، لە نەخۆشخانەکەن.
 
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت، "بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، 9 چەکی بێ مۆڵەت هەن." دەزگاکە مەزەندە دەکات 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا و باکووری کوردستان هەبن.
 
دەزگاکە هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی چەک دەدات و دەڵێت، ساڵانە چەک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 5 هەزار کەس.