شاندەکەی کۆمیسیۆن گەیشتە هەولێر؛ وادەی هەڵبژاردن و خشتەی کاری کۆمیسیۆن دیاریدەکرێت

15-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی باڵای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتە هەولێر، بڕیارە سبەی سێشەممە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە و وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کوردستان دیاریدەکرێت و خشتەی کاری کۆمیسیۆنیش یەکلادەکرێتەوە.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بڕيارە رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت."
 
شاندەکەی کۆمیسیۆن بە سەرۆکایەتی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانە، ئەمڕۆش شاندێکی کۆمیسیۆن، بە سەرۆکایەتی دادوەر عەباس فەتلاوی، سەرۆکی کارگێڕیی هەڵبژاردن لەگەڵ لقەکانی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبێت و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
سەبارەت بە تەوەری کۆبوونەوەکە، عیماد جەمیل گوتی: "باسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، بڕیار لە وادەی بەڕێوەچوونی دەدرێت و دیاریدەکرێت، جگە لەوەش خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکرێت."
 
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن باسی لەوەشکرد لە کۆبوونەوەکە سەرجەم پێداویستییەکانی یاسایی، هونەری، لوجیستی، دارایی، کات، باسدەکرێت. گوتیشی: "رۆژی 21ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەی دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هەیە و ئەوەش لە کۆبوونەوەکەدا لەبەرچاو دەگیرێت."
 
دوای بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق لە بە" نادەستووری و نایاسایی" خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنەکەیەوە، دوو جار رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام هەڵبژاردن نەکراوە. وادەی دوایینیان 25ـی شوباتی ئەمساڵ بوو. رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوەدا، ناتوانێت لەو وادەیە هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
 
رۆژی سێشەممە 30-5-2023 دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی  هێنا، کە پەرلەمان لە رۆژی 09-10-2022 تاوەکو 31-12-2023 تەمەنی خۆی درێژکردبووەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەکە کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە