رووداو دیجیتاڵ
با و بارینی بەفر لە رۆژهەڵاتی کوردستان کارەبای هەندێ ناوچەیان بڕیوە. بەفر رێگەی هاتووچۆی دەیان گوندی گرتووە و قوتابخانەی هەندێ شوێنش بەشێوەیەکی کاتی داخراون.
حەسەن عەباسی، قایمقامی مهاباد لە پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەو با بەهێزەی رۆژی شەممە هەڵیکرد، بووە هۆی بڕینی کارەبای 60 گوند لە سنووری شارەکە.
حەسەن عەباسی گوتی، کارەبای 50 گوند بە زووترین کات و کارەبای 10 گوندی دیکەش لە سێ رۆژی داهاتوودا چاک دەکرێتەوە.
هاوکات خدر کاک دەروێشی، قایمقامی شاری پیرانشار لە سنووری هەمان پارێزگا شەوی رابردوو گوتی، لە هەندێ ناوچەی سنووری پیرانشار نزیکەی یەک مەتر بەفر باریوە و بەو هۆیەوەش رێگەی هاتووچۆی 11 گوند گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێش دەڵێت، رۆژی دووشەممە قوتابخانەکانی هەندێ لە ناوچەکانی وەک چاڵدێران، خۆی و شنۆ بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرماوە دادەخرێن.
لە پارێزگای سنەش، کارەبای هەندێ لە گوندەکانی سەر بە شاری سەقز بەهۆی بارینی بەفرەوە بڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ