مستەفا چاوڕەش بۆ رووداو: دۆخی نێوخۆی یەکێتی ئارامە‌ و هیچ گرژییەك نییە

15-01-2023
ئاسۆ سەراوی
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، دۆخی نێوخۆی ‏یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاساییە ‌و هیچ ئاڵۆزییەك نییە.‏
 
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70ـی هێزی پێشمەرگە رۆژی یەکشەممە، 15-1-2023، بە تۆڕی ‏میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لەسەر دۆخی نێوخۆی یەكێتی باس دەكرێت ‏كە ئاڵۆزە، بە هیچ جۆرێك شتی وا نییە. من بەرپرسیارییەتیم ‏هەیە و لە خۆمەوە قسە ناكەم. ئەوەی دەگوترێت‌ دۆخی نێوخۆی یەكێتی ‏ئاڵۆزە بەهیچ جۆرێك وا نییە".‏
 
لەبارەی ئەو قسەیەی ئاراس شێخ جەنگی كە گوتبووی: "دۆخی نێوخۆی یەكێتی ئاڵۆزە و ئەگەر لە ماوەی 48 ‏كاژێردا دۆخەکە یەكلایی نەكرێتەوە، رەنگە بە چەك یەكلایی بكرێتەوە." مستەفا چاوڕەش باسی لەوە كرد کە ئەو لێدوان لەسەر ‏قسەی هیچ كەسێك نادات، بەڵام گوتیشی: "ئاڵۆزی لەنێو یەكێتی راست نییە".  ‏‏
 
رۆژی شەممە، 14-01-2023، ئاراس شێخ جەنگی، ئەندامی ‏سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی ‏راگەیاند: "دۆخی نێوخۆی یەكێتی ئاڵۆزە و پێویستە یەكلایی ‏بكرێتەوە، ئەگەر نا لەماوەی 48 كاژێردا بە چەك یەكلایی دەكرێتەوە." ‏
 
ئاراس شێخ جەنگی باسی لەوەش كرد کە "سلێمانی بە دۆخێكی سیاسیی ‏خراپدا تێدەپەڕێت و ئەوانەی ئێستا سلێمانی بەڕێوەدەبەن دوورن لە ‏رێبازەكەی مام جەلال. لە دوای شەڕی هەكارییەوە یەكەمجارە سلێمانی ‏دۆخی وا خراپ بەخۆیەوە ببینێت." ‏
 
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەكانی نێو یەكێتیی نیشتمانیی ‏كوردستان زەقبوونەوە، دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەوكاتی ‏یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری ‏گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێكەوتەوە و دواتر ‏پەیوەندییەكانیان گرژتربوون، تاوەكو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی ‏تەممووز مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‏دەسەڵاتەكانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆك وەرگرتەوە. ‏
 
رۆژی 02-11-2021، بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی ئەوكاتی ‏یەكێتی، ئاراس شێخ جەنگی بۆ ماوەی شەش مانگ لە كارەكەی سڕكرا، ‏بەڵام دواتر سزاكەی سەری لادرا.‏

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە