رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی بەنداو لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، هەرچەندە ئەمساڵ لە دوو شەپۆلی جیاوازدا بارانێکی باش باریوە، بەڵام بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کەمیان کردووە. دەشڵێت، سەرەڕای کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان، بەڵام ئەگەری وشکەساڵی کەمە.
رۆژی یەکشەممە، 15-01-2023، د. جیهان محەممەد فەتاح، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی بەنداو لە زانکۆی سەلاحەدین لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر رەشید و هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکەن، باسی لە پرسی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان و ئەگەری وشکەساڵی کرد و رایگەیاند: ''ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاوی بەنداوەکان کەمی کردووە، بەڵام ئەگەر پڕۆژە و پلانمان بۆی هەبێت ئێستا دەتوانین بەرەنگاری کەمبوونەوەی ئاو ببینەوە.''
جیهان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان لە رووی پڕۆژە و ئیدارەکردنی ئاو لە عێراق باشترە و ئاوێکی خاوێنتری هەیە. گوتیشی: ''بارانی هەرێمی کوردستان بارانێکی زۆر خاوێنە و نابێت بە فیڕۆ بچێت، دەبێ گلدانەوەی ئاوی باران لە قەبارەی بچووکدا بکرێت بۆ پێشگرتن لە بەفیڕۆچوونی ئاو.''
ئاوی دووکان و دەربەندیخان بەشێکی دەچێت بۆ شارەکانی عێراق بە جۆرێک لە بەنداوی دەربەندیخان لە هەر خولەکێکدا 15 مەتر سێجا و لە بەنداوی دووکان 40 مەتر سێجا ئاو بەردەدرێتەوە. جیهان محەممەد دەڵێت، ئاوی عێراق لە سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، ئەمەش ئاستەنگێکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی ئەندازیاریی بەنداو لە زانکۆی سەلاحەدین، 30٪ـی ئاوی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بارانەوە دابین دەکرێت و 70٪ـی لە رێگەی دیجلە و فوراتەوە. جیهان محەممەد دەڵێت: ''دەبێ پلانمان بۆ دروستکردنی بەنداوی گەورەش هەبێت بۆ گلدانەوەی ئاوی باران، چەم و رووبارەکان کە بە فیڕۆ نەچن.''
ئاو وەکو کارتی گوشاری ئێران و تورکیا
ئێران و تورکیا ژمارەیەک بەنداویان لەسەر ئەو ئاوانە دروستکردووە کە دەڕژێنە نێو هەرێمی کوردستان کە بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی بواری بەنداو، ئاوی رووباری سیروان بەهۆی بەنداوەکانی ئێرانەوە 80٪ کەمی کردووە.
د. جیهان دەڵێت: "ئێران بە دروستکردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاوی سیروان، دەیەوێت کارتی گوشاری بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە هەبێت."
سەبارەت بە ئەگەری وشکەساڵی، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی بەنداو لە زانکۆی سەلاحەدین گوتی: "لەگەڵ ئەوەی ئاوی بەنداوەکان کەمیان کردووە، بەڵام ئەگەری روودانی وشکەساڵی کەمە". لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: ''دەبێ پلانمان بۆ بەفیڕۆنەچوونی ئاو هەبێت.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ