بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرماوە لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان پشوو راگەیێندرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای سنە دەڵێت، بەهۆی بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرماوە ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرجەم قوتابخانە و فەرمانگەکان لە شارەکانی پارێزگاکە پشوو دەبن. لە پارێزگای کرماشانیش پشووە.
 
پارێزگای سنە بەیانیی ئەمرۆ یەکشەممە، 15-1-2023، بڵاویکردەوە، بە سەرنجدان بەوەی بەفرێکی زۆر باریوە، پلەی گەرما دابەزیوە و کەشناسیش پێشبینی کردووە ئەم دۆخە لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت، بۆیە لە هەموو شارەکانی پارێزگای سنە پشووی گشتییە.
 
لە شارەکانی سەقز و بانە قوتابخانەکانیش پشوون. لە پارێزگای کرماشانیش پشووە. 
 
ناسر حوسێنی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی گازی پارێزگای کرماشان شەوی رابردوو گوتی، بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان رووبەڕووی کێشەی کەمیی گاز نەبنەوە، لە سەرجەم فەرمانگە و قوتابخانەکانی ئەو پارێزگایە رۆژی یەکشەممە، 15-1-2023، پشوو دەبێت. ناسر حوسێنی داوای لە خەڵک کرد دەست بە بەکارهێنانی گازەوە بگرن.
 
لەم رۆژانەدا دابەزینی پلەی گەرما و بەکارهێنانی زۆریی گاز لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، خەریکە ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیران دەکاتەوە.
 
حکومەت چەندین رۆژە فەرمانگە و قوتابخانەکانی بەشی هەرە زۆر پارێزگاکان، لەوانە تارانی پایتەختی کردووەتە پشوو و هەروەها گازی بەشێک لە کارگە بەرهەمهێنەرەکان و پترۆکیمیاییەکانیشی کەمکردووەتەوە، بۆ ئەوەی پێویستیی گازی خەڵک دابین بکرێت.
 
عەباس جەبال بارزی، ئەندامی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، بڕینی گاز هەندێک لە ناوچە پیشەسازییەکانی گرتووەتەوە و گوتیشی، ئەگەر هەوا ساردتر بێت، گازی بەشێکی زیاتری ناوچە پیشەسازییەکان دەبڕدرێت بۆ ئەوەی گازی ماڵان دابین بکرێت.

 

کورتهێنانی گاز خەریکە کێشە بۆ بەرهەمهێنانی کارەباش دروست دەکات.
 
رەزا شەهرستانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پۆڵای ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی، 50٪ـی کارەبای بەرهەمهێنەرانی پۆڵا بڕاوە، چونکە گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمێنەری کارەبا لە بەردەست نییە.
 
ئێران توانای بەرهەمێنانی نزیکەی 850 ملیۆن مەتر سێجا گازی هەیە، بەڵام نزیکەی 700 ملیۆن مەتری سێجای لە ماڵان، بازرگانی و کارگە بچووکەکاندا بەکاردەهێنرێت.