عەلی باپیر: بەپێی جێندەر ئافرەت دەتوانێت ژن بهێنێت و پیاویش شوو بکات

 
رووداو - سلێمانی

ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک میوان ئامادەی گوتارێکی تایبەتی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ئامادە بوون. سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، "بەپێی جێندەر ئافرەت دەتوانێت ژن بهێنێت و پیاویش شوو بکات."
 
زۆرترین باسی گوتارەکەی عەلی باپیر پاراستنی خێزان و نیشاندانی ناڕەزایەتییە لە لایەنگرانی چەمکی جێندەر و فێمینیزم، کە بووەتە هۆی ناکۆکیی نێوان بەشێک لە لایەنگرانی لایەنە ئیسلامییەکان و دژبەرەکانیان.
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە گوتارەکەیدا گوتی، "جێندەر ئێستا بەلاڕێدا براوە و ئامانج لە بڵاوکردنەوەی بووە بە بەلاڕێدابردنی خێزان و تێکدانی کۆمەڵگە، لێکترازانی ژن و پیاو لە یەکدی."
 
بە گوتەی عەلی باپیر، "بەپێی جێندەر، ئافرەتێک راستە مێیە، بەڵام دەگونجێت رۆڵی پیاو ببینێت و ژن بهێنێت، هەروەها پیاوێک راستە پیاوە، بەڵام دەتوانێت شوو بکات، ئەمە پرۆژەکەیە، بۆیە پێی دەڵێین تێکدانی کۆمەڵایەتییە."
 
ئامادەبووانی سیمینارەکە سەرجەمیان لایەنگرانی رەوت و لایەنە ئیسلامییەکان بوون.
 
نەسرین محەممەد، کادری کۆمەڵی دادگەری پرۆژەی جێندەر بە "مەترسی لەسەر کۆمەڵگە" ناودەبات و دەڵێت، "ئەمە زیانی زۆری بۆ کۆمەڵگە هەیە، چونکە نەمانی هەموو تاکەکانە، چونکە کە پیاوێک و پیاوێک یان ژنێک و ژنێک هاوسەرگیرییان کرد، ئیدی خێزان نامێنێت، ئەمەش خێزان و کۆمەڵگە تێکدەدات و لەنێوچوونی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتییە."
 
لە گوتارەکەیدا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری داوایکرد حکومەت لەسەر دژایەتیی بەرنامەی جێندەر کار بکات.
 
ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی بەڕێوبەردنی کۆمەڵی دادگەریش دەڵێت بە بەرنامە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو پرسە کراوە. 
 
یاسین حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمەڵی دادگەری پێیوایە "بە بەرنامە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو پرسە دەکرێت" و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە بۆ پرۆژەی جێندەر پارە خەرجکراوە و پارەی بۆ وەردەگیرێت و بۆ قوتابیان باس دەکرێت، لە زانکۆ و قوتابخانەکانیش پەرەی پێ دەدرێت و باس دەکرێت."
 
لە بەرامبەر پرۆژەی جێندەر، ئێستا لایەنگرانی لایەنە ئیسلامییەکان، پرۆژەی "شوناس پارێزی"یان راگەیاندووە و دەیانەوێت لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر ئاستی باڵا کاری هاوبەش بکەن بۆ دژایەتیی پەرەپێدەرانی جێندەر.