هەڤاڵ ئەبوبەکر: هیوادارم بە زووترین کات کەسێک لە شوێنەکەم دابنێن

15-01-2023
پەیمان محەممەد
لێدوانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ رووداو
لێدوانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەو کارەبایەی لە پشکی پێنجوێن دەدرایە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، بە بڕیاری وەزیری کارەبا دەدرێتەوە پێنجوێن، بەمەش کارەبای قەزاکە دەبێتە 24 کاژێری. 
 
دوای پێنج رۆژ لە خۆپێشاندان، ئەمڕۆ یەکشەممە 15-01-2023 دانیشتووانی قەزای پێنجوێن کۆتاییان بە خۆپێشاندان هێنا، ئەمەش دوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن حکومەتەوە. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە کارەبای قەزای پێنجوێن دەکرێتەوە 24 کاژێری کە پێشتر کرابووە 20 کاژێر. 
 
سەبارەت بە دابینکردنی بەرمیلی دووەمی نەوت بۆ دانیشتووانی پێنجوێن کە یەکێک لە داواکارییەکانی خۆپێشاندەران بوو، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: بە نووسراو داوام لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە نەوتیان بۆ بنێرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی 
 
رووداو: کەی کارەبا بۆ هاونیشتمانییانی پێنجوێن زیاد دەکرێتەوە و بەرمیلی دووەمی نەوتیان دەدرێتێ؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە ئەمڕۆوە کارەبایان هەیە، بەڵام ئەو داخوازییەی کە ئەوان هەیانبوو، ئەمڕۆ جێبەجێ دەبێت. جگە لەوەی کارەبا چاکدەبێتەوە داواکارییەکی دیکەیان هەبوو، بۆیە ئەو پشکەی لە کارەبای پێنجوێنەوە دەدرا بە دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، بە بڕیاری وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە لە پشکی پێنجوێن دادەبڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ پێنجوێن. زۆر شوێنی دیکەش هەیە کە پەیوەندیی بە کارەبای پێنجوێنەوە هەیە و دەبڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ پشکی ئەو قەزایە.
 
ئەو پشکە لە کارەبای نیشتمانی، نەک تەنیا لە پشکی پێنجوێن بەڵکو لە زاخۆوە تاوەکو کفری ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات. لە ئەمڕۆشەوە داوامان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کارەبا کردووە بە هاوئاهەنگی ئیدارەی ناوچەکە، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و پشتیوانیی هاونیشتمانییان، هاوکاربن بۆ ئەوەی پێوەری کارەبای زیرەک لە قەزای پێنجوێن ببەسرێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئێمە ئەم کێشەیەمان بۆ دروست نەبێتەوە.
 
ئەمساڵ هەر کە نەوتمان بە دەستگەیشتووە، پێش هەموو شوێنێک بە پێنجوێن و ناوچە ساردەکانمان داوە. سلێمانی تاوەکو ئێستا لە 5 ساڵی رابردوو، یەک بەرمیلی وەرگرتووە و بەرمیلی دووەمی ماوەتەوە، بەڵام پێنجەمین بەرمیلمان لە قەزای پێنجوێن دابەشکردووە.
 
لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانی بەسرە و ئەڵمانیا کە بەڕێز سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەگەڵیان بووە، نووسراوی فەرمیمان ناردووە و لەسەر دابینکردنی نەوت قسەمان لەگەڵ کردووە. لەسەر داخوازیی خۆی نووسراوەکەمان بۆ ناردووە، کە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و سلێمانی بە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەپێی بنەما دەستوورییەکان سووتەمەنییان بۆ دابین بکرێت؛ بەتایبەتی پێویستی زۆرمان بە نەوتی سپییە. هەڵبەت بەو نرخەی کە دەدرێت بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەک بەو نرخە بازرگانییەی کە کێشە بۆ هاونیشتمانییان و بۆ داهاتی رۆژانە و بژێوییان دروست دەکات.
 
رووداو: ئێوە گوتتان لە ئەمڕۆوە کارەبایان بۆ زیاد دەکرێت، بەڵام نەوتەکە دیارە چ کاتێک دەگاتە دەستیان؟ 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەوە دیار نییە، وەکو گوتم ئەمساڵ یەکەم شوێن لە پێنجوێنەوە نەوتمان دابەشکردووە، بەڵام نەوت بگات بە دەستمان بە دڵنیاییەوە وەکو چۆن جارەکانی پێشوو لە شوێنە سارد و شاخاوییەکان دەستمانپێکردووە، بە هەمانشێوە لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام دەبین. 
 
رووداو: جگە لە پێنجوێن زۆر شوێنی دیکەش بە هەمانشێوە هەم بۆ کەمیی کارەبا، هەم بۆ دابەشنەکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای سلێمانی گرفتی هەیە. ئەمانە کەی چارەسەر دەبن؟ بۆ پێشگرتن لە خۆپێشاندانی ئەوانیش دڵنیایی دەدەن بەو خەڵکانە کە سووتەمەنی دابەش دەکرێت؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەم بڕیارانە پەیوەندیی راستەوخۆی بە خۆپێشاندانەکانەوە نییە، چونکە ئێمە زۆرباش دەزانین کە پێویستییەکانمان چین. پەیوەندیی بە توانا و ئیمکانیاتی حکومەتی عێراق هەیە کە چەند لەو پشکەی بەپێی دەستوور بەر ئێمە دەکەوێت، بۆمان بنێرێت، هەروەها پەیوەندی بە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. ئەوە نییە کە ئاگام لێ نەبێت لە کوێ چیمان دابەشکردووە، نرخەکەی چەندە و خەڵک پێداویستیی چییە. بەڵام ئێمە لەو رادەیەی کە لەبەر دەستماندایە هەوڵمان داوە و تەنانەت لە پێناو دادپەروەریدا، بنەما یاسایی و مافەکانیشمان پێشێلکردووە. ئەگەر من باسی دادپەروەریت بۆ نەکەم ناتوانم بەرمیلی یەکەم لە پێنجوێن دابەش بکەمەوە. دەبێ لەو شوێنانەوە دەستپێبکەم کە ساڵانی رابردوو بەرمیلی دووەمیان وەرنەگرتووە. بەڵام ئێمە لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە کارمان کردووە. بۆیە هەموو خەڵکی ئەو ناوچانە دڵنیادەکەمەوە کە ئەو جێبەجێکارییە پەیوەندیی بە توانای حکومەتەوە هەیە و حکومەتیش پێداگرە لەسەر خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ئەم کەیسانە بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە ململانێی سیاسی و دۆسیەی هەڵبژاردنەوە نییە، وڵات دەبێ خزمەت بکرێت و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی بۆ دابین بکرێت.
 
رووداو: خەڵک لەدوای ئەو راگەیێندراوەی ئێوە، ئێستاش دەڵێن، بەستنی پێوەری زیرەک رەتدەکەینەوە. ئێوە راتان چییە؟
 
هەڤاڵ ئەبوکر: ئەوەی کە وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبا رایانگەیاندووە، ئەوان پێیانوایە دانانی ئەم سیستمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی زێدەڕۆیی نەهێڵێت و وا بکات کە حکومەت کارەبای بەردەوام بۆ ئەو شوێنانە دابین بکات. بۆیە داخوازی ئێمەش ئەوەیە کە هاونیشتمانییانی خۆشەویستی پێنجوێن وەکو لە پەیامەکانیشیاندا بە ئێمەیان راگەیاندووە، هاوکار بن بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کارەبا بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین کاری خۆمان بە باشی راپەڕێنین. 
 
رووداو: ئایا بەستنی پێوەری زیرەک لە 24 کاژێرەکە کەم ناکاتەوە؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەوان دەڵێن نا. ئەوە جێگیر دەبێت و یارمەتیدەری شوێنەکانی دیکەش دەبێت کە کارەبایەکەیان باش بێت. ئەوە راپۆرت و ئاماژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبان.
 
رووداو: لە شارباژێڕ زۆر گلەیی لە کەمبوون و دابەشکردنی نەوت هەیە بەتایبەتی لە ناوچە ساردەکان، چی بۆ ئەوان دەکرێت؟ 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئەوەی ئەولەوییەتمان پێداوە هەر پێنجوێن نییە. لە پێنجوێنەوە هەتا قەڵادزێ لەڕووی سووتەمەنییەوە وەکو یەک ستوونی پارێزگای سلێمانی دەبێ چاوی لێبکرێت بە شارباژێڕیشەوە. ئەوانمان خستووەتە ریزی یەکەمەوە، بەڵام لە ریزی یەکەمیشدا، یەکەم و دووەم و سێیەم هەیە. پێنجوێن ساردترە، بۆیە ئەولەوییەت دراوەتە ئەو قەزایە. دوای پێنجوێنیش بەدڵنیاییەوە دەچینە شارباژێڕ و قەڵادزێ و ئەو شوێنەی کە لە پارێزگاکەدا ساردترن.
 
رووداو: نامەی دەستبەرداربوونی زانا رەحمان لە پۆستی قایمقامی دێتە ئیدارەی سلێمانی. ئێوە ئەو دەستبەرداربوونە قبووڵ دەکەن؟ چونکە خەڵکی پێنجوێن ناڕازییە لەو کارە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: بۆ ئەو رێکارە کارگێڕییانە دەوەستین لەسەر دوا بڕیاری خۆیان و خەڵکی پێنجوێن، ئەوان هەر بڕیارێک بدەن ئێمە پەسندی دەکەین.
 
رووداو: ئەگەر پەسند بکرێت پلان هەیە کەس شوێنی بگرێتەوە؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەر ئێستاش قایمقامیەت نابێ چۆڵ بێت، بۆیە بەڕێز قایمقامی پێنجوێن، لەگەڵ دەستبەرداربوونەکەی بەڕێز بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێزی راسپاردووە کە تا ئەو کاتەی لەڕووی یاساییەوە ئەو دۆسییە یەکلایی دەکرێتەوە، ئەرکەکانی ئەو جێبەجێ بکات.
 
رووداو: ئێستا لە سلێمانی باس لە دروستکردنی هێزی نوێی سەربازی دەکرێت. دۆخی ئەمنی سلێمانی چۆن دەبینن؟ ئایا هیچ هێزێکی سەربازی نوێ لە سلێمانی دروستبووە؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئێمە جگە لەو بابەتە لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە ئێستا قسە ناکەین.
 
رووداو: بە رای ئێوە دۆخی سلێمانی ئارامە ئێستا؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: بەدڵنیاییەوە ئێستا دۆخی سلێمانی ئارامە و هیوادارم هەموو کەس بیر لە ئاسایشی گشتی بکاتەوە نەک نەک ئاسایشی خۆمان.
 
رووداو: لەبارەی پۆستی پارێزگار چ شتێکی نوێ هەیە؟ باس لەوە دەکرا بەربژێری نوێ لەلایەن یەکێتییەوە دەبێت هیچ بەربژێرێکی نوێ هەیە؟ هیچ شتێک لە نێوان گۆڕان و یەکێتی لەسەر ئەو بابەتە باسکراوە؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: جگە لە پشتیوانی هیچ شتێکی دیکە نییە. من داوام کردووە و هیواداریشم بەزووترین کات بگەنە ئەو بڕیارەی بەربژێرێک بنێرن و جیاوازی نییە لە بزووتنەوەی گۆڕان بێت یان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یا هەر کەسێکی دیکە کە ئەوان رایدەسپێرن و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پەسندی دەکات بۆ ئەوەی، کە ئێمە دەستاودەستی لەگەڵ بکەین.
 
رووداو: بۆچی داوا دەکەن لە پۆستەکەتان ببەخشرێن؟
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە رووی ئەخلاقییەوە نەک لە رووی یاساییەوە، ئێمە بۆ چوار ساڵ هەڵبژاردراوین و من بەر لە تەواوبوونی چوار ساڵەکە، نووسراوی فەرمیم پێشکێش بە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و سێ لایەنە پێکهێنەرە سەرەکییەکەی حکومەتیشم کردووە. چوار ساڵەکە تەواو بوو با کەسێک بە گیان و مێتۆدێکی نوێ خزمەت بە شار بکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.